ڕەشبگیری دژە تیرۆری یەكێتی خەڵكی بێزار كردووە
خواكوڕك
دوای دەستگیر كردنی كارگێری مەلبەندێكی یەكێتی كە سەر بە باڵی ناوەندی بڕیار بوو لە ئێستادا دژە تیرۆری یەكێتی دەستی بە هەڵمەتی ڕەشبگیری و گرتن و سەرنگومكردنی ئەو كادیرانە كردووە ،كە سەربە باڵی زۆرینە نین و لە ناو ئۆرگانەكانی یەكێتیدا ڕەخنەی توند لە سەركردایەتی باڵی زۆرینە دەگرن .
بە پێی زانیاریەكانی خواكوڕك بەرلە ئێستا پێنج كادری دیاری یەكێتی لەلایەن هێزەكانی دژە تیرۆری یەكێتی یەوە دەڕفێندرێن ، هیچ زانیارییەك لە بارەی چارەنوسیانەوە دیار نییە ، سەركردەكانی باڵی ناوەندی یەكێتی داوای لیژنە بۆ بەدواداچوون و ووردبینی ئەو پرسە دەكەن لە مەكتەبی رێكخستنی حزبەكەیان ، باڵی زۆرینە رفاندنی ئەو كادیرانە بە ڕەوا دەزانێت .
خواكوڕك لە سەرچاوەیەكی تایبەت دەستی كەوتووە كە ئەم دوو كادرە ڕفێنراوانەی باڵی ناوەندی بڕیار بە ناوەكانی “لوقمان حمە صاڵح و محمد حمە صاڵح ” ئەندامی مەڵبەندی 11ی گەرمیانن ، لەلایەن دژە تیرۆری یەكێتیەوە رفێنراون ، هەروەها بەرپرسێكی دیاری یەكێتی ژنانیش لە دەربەندیخان بە ناوی “مریەم حاتەم فتاح ” ڕفێنراوە .
هەروەها بەهۆی پەنابردن بۆ ترس و تۆقاندن دانیشتوانی زۆنی سەوزی نفوزی یەكێتی تووشی نیگەرانی و ناڕەحەتی و ترس دەبن و بە هۆیەوە ژمارەیەك خێزانی خانەدان و ناوداری سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان ناوچەكانیان جێدەهێڵن و ڕوو لە هەولێری پایتەختی كوردستان ،ئارام و سەقامگیر دەكەن