پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئایینی ئێزیدی (چارشەمبا سەرێ نیسانێ)
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی سەری ساڵی ئایینی ئێزیدی، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خوشك و برایانی ئێزیدی دەكەم و هیوادارم ئەم بۆنەیە دەستپێكێك بێت بۆ كۆتایهاتنی ئێش و ئازاری خوشك و برایانی ئێزیدی و لە ئارامی و ئاشتیدا جەژن و بۆنەكانیان بكەنەوە.
لێرەدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆم لە چارەسەرنەبوونی دۆخی شنگال و نەگەڕانەوەی ئاوارەكان، ئەوە دووپات دەكەمەوە كە بە تەواوەتی پاڵپشتی ماف و داواكاریی خوشك و برایانی ئێزیدیم و داواشیان لێ دەكەم یەكڕیزیی ناوخۆییان بپارێزن و ڕێگە نەدەن دەنگی لابەلا و نامۆ زیان بە شوناس و ماف و ئایین و داهاتوویان بگەیێنێت و پێویست دەكات هەموویان بە یەكگرتووییەەوە لەسەر ماف و داوا ڕەواكانیان پێداگر و مكوڕ بن.
بمێنن بە خێر و خۆشی
مسعود بارزانی
١٣ـی نیسانی ٢٠٢١