نێچیرڤان بارزانی: پێشوازیی لە دیالۆگی ستراتیژیی ئەمریکا ـ عێراق دەکەین

 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە رێگەی پەیامێکی ڤیدیۆیییەوە بەشداریی لە سمینارێکی “ئەنستیتۆی جەکسۆن بۆ پرسە جیھانییەکانی زانکۆی یێڵ”ی ئەمریکیدا کرد کە بە ھاوکاریی رێکخراوی “دادپەروەری بۆ کورد” دەربارەی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت و دۆستانی گەلی کوردستان لە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا تیایدا بەشدارن.

پەیامە ڤیدیۆیییەکەی نێچیرڤان بارزانی، پەیامی کردنەوەی کۆنفراسەکە بوو کە تیایدا باسی لە گرنگیی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لێکەوتەکانی کرد و روانگەیەکی گشتگیری بۆ پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دۆست و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئێستا و داھاتووی دۆزی گەلی کوردستان و چارەسەری کێشەکان و داھاتووی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقی فیدراڵ و ھاوبەشی و ھاریکاری لەپێناو ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا خستە ڕوو.

 

دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی:

 

ئامادەبووانی بەڕێز،

 

رۆژتان باش!

 

سوپاسی “ئەنستیتۆی جەکسۆن بۆ پرسە جیھانییەکانی زانکۆی یێڵ” دەکەم؛ دۆستەکانم، ژەنەراڵ پەترێیس، باڵیۆز فۆرد، ئێما سکای، پرۆفیسۆر لێڤنسۆن، ویتنشتاین و “دادپەروەری بۆ کورد” و دامەزرێنەرانی، تۆماس کاپلان و بێرنارد ھێنری لێڤی: بۆ رێکخستنی ئەم دیدارە دۆستانەیە لەگەڵ ھاوڕێ ئەمریکی، بەریتانی و فەرەنسییەکانمان، سوپاستان دەکەم.

 

ئەم مانگە، نیسانی ٢٠٢١، بۆ کورد و پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کورد بایەخێکی مێژوویی ھەیە. لەم مانگەدا یادی ٣٠ ساڵەی ساڵوەگەڕی بڕیاری ٦٨٨ و “ئۆپەراسیۆنی دەستەبەرکردنی ئارامی”یە، کە بریتی بوو لە دەستێوەردانی سەرکەوتووی مرۆییی سەربازیی و تێیدا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ فەرەنسا، بەریتانیا و ھاوپەیمانانی دیکە، کوردستانی عێراقیان پاراست. ئۆپەراسیۆنەکە سەرووی یەک ملیۆن لە خەڵکی ئێمەی، کە لە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان ئێران و تورکیا مابوونەوە، پاراست و ناوچەیەکی ئارامی لەو کاتەدا بۆ خەڵکی لێقەوماوی ئێمە دەستەبەر کرد. زۆرێک لە منداڵان و بەساڵاچووان بەھۆی برسێتی و گیرخواردنەوە، بەرلەوەی ڕزگار بکرێن، گیانیان لە دەستدا.

 

سەپاندنی ھەرێمی نەفڕین لە کوردستان بۆ بیناکردنی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان و ژێرخانەکەی دوای ئەم ئۆپەراسیۆنە گرنگ بوو. لە زۆر رووەوە بوونی ھەرێمی کوردستانێکی سەقامگیر، ئارام و لێبووردە، لێکەوتەی راستەوخۆی ئەو دەستێوەردانەی ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ھاوپەیمانانی دیکەیە.

 

ھەر لە رۆژانی نیسانی ١٩٩١ـەوە تا ئێستا، ئەمریکا پاڵپشتیی ھەرێمی کوردستانی کردووە و بەردەوام بووە، دواجار لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بۆ تێکشکاندی داعش. کوردستان لانەی ئاشتی، سەقامگیری و پێکەوەژیانە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی پڕکێشەدا و ھەروایش دەمێنێتەوە. ئێمە خوازیاری پەیوەندییەکی دوولایەنەی بەسوودین لەگەڵ ھەموو ھاوبەشەکانمان، بۆ ئەوەی بتوانین ھەم یارمەتیی خۆمان بدەین و ھەم کۆمەکی ئەوانی دیکەیش بکەین کە پێویستیان پێیەتی.

 

ئێمە دان بە بایەخی زۆری یارمەتیدانی پێکھاتەکاندا دەنێین کە لە توندوتیژی رادەکەن. شەڕی ناوخۆی سووریا و داگیرکاریی داعش شەپۆلی نەبڕاوەی ئاوارە و دەربەدەری لێکەوتەوە. لەو دۆخەدا، دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان نزیکەی لە سەدا سی زیادی کرد بە ھۆی ھاتنی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە نەتەوە و ئایینی جیاوازەوە.

 

بەڵی، گەلی کوردستان بە راستی بەھاکانی ئێوە بە ھیی خۆیان دەزانن و ئامادەن بە شێوەیەکی ئەرێنی یارمەتیدەر بن. ئێمە خوێنمان بەخشیوە بۆ ئەوەی داکۆکی لە ژیان و ئازادی بکەین دژبە ھێزە شەڕانگێزەکان. وەک سەرکردەی دنیای ئازاد، لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە کە بڕوانێتە ئەوبەری سنوورەکانی خۆیەوە. ئێمە پێشوازی لە بڕیاری سەرلەنوێ بەشداربوونەوەی ئیدارەی بایدن دەکەین لە پرسە جیھانییەکاندا.

 

ئێمە پێشوازی لە دیالۆگی ستراتیژیی ئەمریکا ـ عێراق دەکەین. ئەمە پابەندییەکی بەھێز و ھەنگاوێکی گرنگە بەرەو پەیوەندییەکی ھاوسەنگ.

 

ئێمە چاوەڕێ نین ئەمریکا شەڕ لەبری ئێمە بکات، بەڵام چاوەڕێین کە ئەمریکا لەگەڵ ئێمەدا لە عێراق بە چالاکی بمێنێتەوە بۆ دڵنیابوون لە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پابەندیی بەردەوامی ئەمریکا و ھاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیمان پێویستە بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ بردنەوەی ئەم شەڕە.

 

دامەزراندنی ھەرێمی نەفڕین، ٣٠ ساڵ بەرلە ئەمڕۆ، ئومێد و دەرفەتی ئەوەی پێ بەخشین تا بناغەکانی کوردستانی ئەمڕۆ وەک بەشێکی سەقامگیر و ئاشتیخوازی عێراق و ھاوپەیمانێکی جێمتمانەی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دابنێین.

 

بۆ پتەوکردنی ئەم دەستکەوتە، ئێمە پێویستە لە ھاوبەشیی درێژخایەن بەردەوام بین. بە یارمەتیی ئێوە توانیومانە ھەرێمی کوردستان بکەینە چیرۆکێکی سەرکەوتوو لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. بە بەشداریی بەردەوام و پاڵپشتیی ئێوە، توانای ئەوەمان ھەیە کە ھەرێمی کوردستان بکەینە ناوچەیەکی ئاشتیخوازتر، سەقامگیرتر و پێشکەوتووتر کە لە بەرژەوەندیی ھاوبەشی ھەردوولاماندا دەبێت. ئێمە پابەندی ئاشتی، سەقامگیری، حوکمڕانیی باش و ریفۆرمین و ھەروایش دەمێنینەوە.

 

دۆستەکانم لە ئەمریکا: دۆستایەتی و ھاوپەیمانیی ئێمە لە ١٩٩١ لە چیاکانی ھەرێمی کوردستاندا دروست بوو. با پێکەوە بەردەوام بین بۆ داکۆکیکردن لە بەھا و بنەما ھاوبەشەکانمان کە بریتین لە شکۆی مرۆڤ و کراوەیی. با پێکەوە تێبکۆشین بۆ بیناکردنی جیھانێکی ئارامتر، دادپەروەرتر، ئازادتر و سەقامگیرتر.

 

سوپاستان دەکەم.

Back to top button