مەسرور بارزانی: داعش لە سووریاوە پیلانی بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستانی داڕشت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داعش بەردەوام هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق و ناوچەکە، و رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە پیلانی بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستانی داڕشت.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دانپێدانانی گرووپە تیرۆرسیتییەکەی داعش، کە بەر لەچەند رۆژێک لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکرایەوە، رایگەیاندووە شانە تیرۆریستییەکانی رێکخراوی داعش، لە کەمپی هۆلی سووریاوە، پلانیان بۆ بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان ئامادەکردبوو، هەروەها دەڵێت، داعش بەردەوام هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە رێگەی توانای پەڕینەوە لە سنوورەکان و دزەکردنی بۆ ناو خاکی عێراق.

مەسرور بارزانی دووپاتیکردەوە، بۆ دڵنیابوون لە شکستپێهێنانی یەکجاری ئەو رێکخراوە له‌ عێراق و هەرێمی کوردستان هێشتا پێویستیان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە، داواشی لە هاوپەیمانان کرد، مەترسی و هەڕەشەکان بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و دەرەوە بەجددی وەربگرن.

پێشتریش لەسەروبەندی گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان بەغدا و واشنتن، مەسرور بارزانی رایگەیاندبوو، پێویستە شاندی عێراق ئەوە لەبەرچاو بگرێت، هەرێمی کوردستان بڕیاری خۆی هەیە و پێیوایە پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراقدا بمێننەوە.

 

Back to top button