دیدار و چالاكییەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سێیەمین ڕۆژی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانیی میونیخ
خواكوڕك
دوای بەشداری كردنی شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی لە سێیەمین ڕۆژی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخی ئەڵمانیابۆ ساڵی 2017و و لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكه بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا كۆبۆوە.
مالپەریِی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دیداروو چاڵاكیەكانی سەرۆكی هەرێمی لە دواهەمین رۆژی بەشداری كردنەكەی بڵاو كردۆتەوە بە پێی مالپەڕەكە ,مەسعود بارزانی سەرۆكا هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كۆبۆتەوە, لە كۆبوونەوەكەدا شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووری ڕۆشناییان خستەسەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی سووریا و شاری ڕەققە و هەروەها باسیان لە كۆبوونەوە و دانوساندنەكانی داهاتووی جێنێڤ كرد.
هەروەها بیروڕای خۆیان لەبارەی ئاییندەی سووریا و چارەسەركردنی كێشەكان خستەڕوو. داوایشیان لە سەرۆك بارزانی كرد كە ڕوانگەی خۆی لەبارەی بارودۆخی ناوچەكە و هاوكێشە سیاسییە دەولییەكان شی بكاتەوە.
پاش ئەو كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی لەگەڵ بڕێت مەكگورك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و شاندی یاوەری كۆبۆوە.
لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش جەختی لەوە كردەوە كە ستراتیژیی ئەمەریكا لەمەڕ شەڕی دژی داعش وەك خۆی بەردەوامه و ئەو شەڕە ئەولەویەتی سیاسەتی دەرەكیی وڵاتەكەیەتی. هەروەها سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كرد كە هەماهەنگییەكی بێوێنەیان لەگەڵ هاوپەیمانان و سوپای عێراقیدا لە شەڕی داعش هەبووە. ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە هەروەكچۆن ئەمەریكا یارمەتیی كوردستانی دا لە شەڕی تیرۆر ئەوهایش هاوپەیمانی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی بڕێت مەكگوركی كرد و وەك دۆستی گەلی كوردستانی وەسفكرد و پیرۆزباییشی لێ كرد بە بۆنەی بەردەوامبوونی لە ئەرك و كاری خۆیدا و هەروەها بیروڕای خۆی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ قۆناغی دوای داعش خستەڕوو.
هەر هەمان ڕۆژ و لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونیخ سەرۆك بارزانی لەگەڵ بینالی یڵدرم سەرۆكوەزیرانی توركیا و شاندێكی یاوەری كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوا پێشهاتە سیاسییەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا ئاڵوگۆڕ كرا.
تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە تایبەت لەبواری ئابووری و هەروەها دەرئەنجامەكانی سەردانی پێشووی سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوو.
جێگەی ئاماژەپێدانە لەو كۆبوونەوانەدا محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و فەریقی یەكەم عومەر عوسمان ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و دكتۆر فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و هێمن هەورامی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان یاوەری سەرۆك بارزانی بوون.