كۆمكاری عەرەبی: سەقامگیری كوردستان بەشێكە لە سەقامگیری عێراق و سەركۆنەی ھێرشەكەی سەر ھەولێر ده‌كه‌ين

 ئەمینداری گشتی كۆمكاری دەوڵەتانی عەرەبی، سەركۆنەی ئەو ھێرشەی كرد، كە دوێنێ شه‌و كرایە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتيی شارى ھەولێر.

 

له‌ راگه‌يێندراوێكدا  ئەحمەدئەبولغێت،ئەمینداری گشتی كۆمكاری دەوڵەتانی عەرەبی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەركۆنەی ئەو ھێرشەی كرد، كە دوێنێ شه‌و كرایە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و رايگه‌ياند: ئەو ھێرشە بەردەوامبوونی ئەو كارە وێرانكاریانەیە، كە ئامانج لێی لەناوبردنی ھەیبەتی دەوڵەتی عێراق و لەباربردنی ئاسایش و سەقامگیریییە لە تەواوی عێراق.

ئەمینداری گشتی كۆمكاری دەوڵەتانی عەرەبی گوتيشى:”سەقامگیری ھەرێمی كوردستان بەشێكە لە سەقامگیری عێراق و، داوای رووبەڕووبوونەوەی هه‌موو ئەو ھەوڵانەشی كرد، كە یەكێتی عێراق و سەروەرییەكەی دەكەنە ئامانج.

ئەمینداری گشتی كۆمكاری دەوڵەتانی عەرەبی راشيگه‌ياند،” كۆمكاری عەرەبی پشتیوانی لە ھەوڵەكانی حكومه‌تی عێراق دەكات لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەكی لە یاسا دەرچوو و سەپاندنی یاسا بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و ئەمن و سەقامگیریی”.

 

Back to top button