فەرەنسا: پابەندبوونی خۆمان بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات دەکەینەوە

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا سەرکۆنەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێر دەکات و دووپاتیشی دەکاتەوە کە پابەندە بە پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، “فەرەنسا بە تووندترین شێوە ئەو هێرشانە سەرکۆنە دەکات کە شەوی رابردوو هەولێر و پارێزگای نەینەوایان کردە ئامانج، چونکە پێشتریش لە 15ی شوباتدا هەولێر کرابووە ئامانج”.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، “فەرەنسا پابەندبوونی خۆی بۆ سەروەری و یەکپارچەیی عێراق و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە. گرنگە حکومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگیی نێوانیان زیادبکەن بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە و دڵنیابوونەوە لە پاراستنی سەلامەتیی هەموو عێراقییەکان”.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا باس لەوە دەکات کە پاریس سووربوونی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ بەردەوامیدان بە کارەکانی لەگەڵ هاوبەشە لۆکاڵی و نێودەوڵەتییەکانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش.