كەركووك لە سەر دیاریكردنی كاندیدی هەڵبژاردنەكان ناكۆكی توند ده‌كه‌وێته‌ ناو یەكێتی

 

 

دوای ئه‌وه‌ی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاند كه‌ بۆ وه‌رگرتنی ناوی قه‌واره‌و كاندیدی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌، كه‌ بڕیاره‌ له‌ ئۆكۆتبه‌ری ئه‌مساڵ ئه‌نجامبدرێت، تا سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو ده‌رفه‌تی به‌ لایه‌نه‌ به‌شدار بووه‌كانداوه‌، كه‌ كاندیده‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن، به‌ڵام یه‌كێتی به‌ هۆی ناكۆكی حزبی نه‌یتوانیووه‌ تا ئێستا كاندیده‌كانیان یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌.

به‌ پێی زانیاریه‌كانی ده‌زگای میدیایی خواكوڕك مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له‌ كه‌ركووك داوای له‌ چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی سه‌ربه‌خۆ و مامۆستای زانكۆ كردووه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی بكه‌ن و وه‌ك كاندیدی یه‌كێتی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو دیاری بكرێن به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ ره‌تیانكردۆته‌وه‌، ببنه‌ كاندیدی یه‌كێتی، ئه‌مه‌ش مه‌لبه‌ندی یه‌كێتی ناچار كردووه‌ كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو پشت به‌ چه‌ند كادرێكی خۆی ببه‌ستێت كه‌ هیچ پێگه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریان نیه‌.

سه‌رچاوه‌ی زانیاریه‌كانی خواكوڕك ئاشكرای كرد دوای به‌رز كردنه‌وه‌ی ناوی كاندیدانی كه‌ركووك له‌ لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی بۆ ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی كه‌ ئاسۆ ئه‌ڵمانی له‌ ئێستادا به‌رپرسی ئه‌و ده‌زگایه‌یه، ده‌مه‌قاڵێی و ناكۆكی ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئاسۆ ئه‌ڵمان و حه‌مه‌سور دوشیوانی، ته‌واوی لیسته‌كه‌ی مه‌ڵبه‌ند ره‌تده‌كرێته‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاریه‌كان ئاشكرایانكردوه‌ كه‌ یه‌كێتی بڕیاریداوه‌ هیچ یه‌كێك له‌ په‌رله‌مانتارانی ئێستای كاندید نه‌كاته‌وه‌ ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تی و كارداونه‌وه‌ی توندی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه‌و به‌ جۆرێك رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كاندید نه‌كرێنه‌وه‌ دژ به‌ یه‌كێتی ده‌وه‌ستنه‌وه‌.

رۆژنامه‌نووسێكیش له‌ باره‌ی ناكۆكیه‌كانی یه‌كێتی بۆ دیاری كردنی كاندیدی حزبه‌كه‌یان ده‌نووسێت سه‌ره‌تای دۆڕانی یه‌كێتی له‌ ئێستادا ده‌ركه‌وتووه‌  و ئه‌وانه‌ی پێشتر له‌ نێو لیستی خیانه‌تكاران بوونه‌ یان پاڵپشتی ئه‌و تاوانه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌یان كردووه‌ رووبه‌ڕووی سزای گه‌ل ده‌بنه‌وه‌و ده‌ر ناچنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی پاك و پێگه‌رد به‌ڕێوه‌بچێت یه‌كێتی باجی قورس ده‌دات و ده‌یبینین.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت رێككه‌وه‌تنی یه‌كێتی و حه‌شدی شه‌عبی كۆتای هات بۆیه‌ دڵنیام یه‌كێـتی ناتوانی بگاته‌وه‌ نیوه‌ی كورسیه‌ به‌ ده‌ستهاتووه‌كانی هه‌ڵبژاردنی پێشووی.

Back to top button