ئاسایشی یه‌كێتی له‌ سلێمانی پێشمه‌رگه‌یه‌كی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ڕفێنێت و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ راده‌ستی ئێرانی بكاته‌وه‌

 

دوای ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران به‌ مه‌به‌ستی گڕینی كه‌لوپه‌لی سه‌ردانی سلێمانی ده‌كات، له‌ لایه‌ن ئاسایشی سلێمانیه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت و تۆمه‌تی سیخوڕی كردنی دراوه‌ته‌ پاڵ.

 

به‌ پێێ زانیاریه‌كانی ده‌زگای میدیایی خواكوڕك، پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆمه‌له‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران كه‌ له‌ ناوچه‌ سنوریه‌كانی نێوان باشور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان جێگیر بوونه‌، سه‌ردانی شاری سلێمانی كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی كڕینی كه‌ل و په‌ل، به‌ڵام له‌ لایه‌ن ئاسایشی یه‌كێتی ده‌ستگیر كراوه‌و له‌ ئێستاشدا تۆمه‌تی سیخوڕی دراوه‌ته‌ پاڵ.

له‌ باره‌یه‌وه‌ سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، له‌ راگەیێندراوێکدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی ده‌ستگیر كراوه‌ ناوی  سمکۆ بەنفشییە و له سلێمانی و له لايەن هێزه ئەمنيیەكانەوە بەتۆمەتی ئەمنی دەستبەسەر کراوە.

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ی زانیاریه‌كانی خواكوڕك راشیگه‌یاند ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ به‌ ئۆتۆمبێلی حزب بۆ كڕینی كه‌ل و په‌ل دێته‌ سلێمانی بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ دیار نامێنێت دواتر ئۆتۆمبێله‌كه‌ی لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود – 60 مەتری و لە نزیک بەنزینخانەی سارا دۆزراوەتەوە.

هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ گوتیشی، خه‌لكی ناوچه‌كه‌ بینیویانه‌ كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كداری ده‌مامكدار له‌ شه‌قامی شێخ مه‌حمود رفێندراوه‌و ته‌نانه‌ت له‌ سلێمانی ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاو بوه‌وته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ راده‌ستی ئێران بكرێته‌وه‌

 

 

 

 

Back to top button