یەكێتی تەنها یەك هەفتەی دیكەی ماوە

رێبوار كەریم وەلی

(1)
كاسەی سەبری پارتی بەرامبەر یەكێتی، لێی رژاوە. یەكێتی لە هەولێر شەریكی حوكمە، لە سلێمانی هاوشانی گۆڕان ئۆپۆزیسیۆنە و لە بەغداش لەگەڵ گۆڕان هاوپەیمانی مالیكییە! ئەوە ئەو تابلۆ لێڵەیە كە پارتی نزیكەی دوو ساڵە وەك رێگەی دەربازبوون لە قەیرانی سیاسی و ئابووری چاوی تێبڕیوە و دوای نائومێدبوون لە گۆڕان، چاوەڕێی موعجیزەیەك دەكات كە یەكێتی بتوانێ تەكانێك بە خۆی بدات و بەلایەكدا ساغببێتەوە، بەڵام پێدەچێ ئیتر پارتی گەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی كە یەكێتی خەریكی چاوشاركێیە و بۆ پەردەپۆشكردنی قەیرانی نێوخۆیی خۆی (كە نایەوێ چارەسەربێت) درێژە بە قەیرانی سیاسی لە كوردستاندا بدات. مەسەلەکە ئەوە نییە كە یەكێتی ناتوانێ بڕیاربدات، نەخێر ناوەندی بڕیاردەری یەكێتی كە باڵی ماڵباتە، زۆر باشیش بڕیاردەدات، بەڵام بڕیارەكانی بە ئاراستەی درێژەپێدانی قەیرانە نەك چارەسەر.

بەشی هەرە زۆری سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی پارتی ئیتر لەو گەمە و پەتپەتێنەی باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی باش تێگەیشتوون و ئومێدیان پێ نەماوە. چونكە خودی بارزانی پشتیوانیی تەواوی هەوڵەكانی پاڤڵ تاڵەبانیی كرد و جێگری سكرتێری گشتی، كۆسرەت رەسووڵ عەلی، سەرباری هەموو ناڕەزایەتییەكانی ناوەندی بڕیاری یەكێتی، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی كرد. بەس لەپێناو ئەوەی كە یەكێتی بتوانێ خۆی ساغ بكاتەوە، بەڵام دیسان هەمان تاس و حەمامی جارانە.

بۆیە پارتی تا كۆتایی ئەم مانگە چاوەڕێی دوابڕیاری یەكێتی دەكات. پارتی چیدیكە ئەوەی پێ تەحەممول ناكرێ كە یەكێتی لەژێر پەردەی تەوافوق و هاوسەنگیدا، گەمەی كات لەگەڵ پارتیدا بكات. چونكە باش دەزانێ پارتی تازە گۆڕانی قبوڵ نییە و بەردەوامبوونی یەكێتی لەسەر ئەو سیاسەتە وادەكات پارتی لە یەكی ئازاری ئەمساڵەوە هەندێك رێوشوێنی دیكە بگرێتەبەر و سەرەتای ئەوانەش لە هەولێرەوە دەستپێدەكات. ئینجا شۆڕدەبێتەوە بۆ زۆر رێكاری دیكە كە تاوەکو ئێستا پارتی لەبەر حورمەتی رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان بارزانی و تاڵەبانی پەنای بۆ نەبردوون.

بۆیە ئەم هەفتەیە چارەنووسسازە. یەكێتی دەبێ بتوانێ بڕیاربدات كە لەنێوان پارتی و گۆڕاندا كامیان هەڵدەبژێرێت. ئەگەرنا پارتی دەزانێ كێ هەڵبژێرێت.

كشانەوەی یەكێتی بۆ سلێمانی
(2)

كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی بە نوێنەرایەتیی باڵی ماڵباتی یەكێتی لەگەڵ سەركردایەتیی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان و، راگەیاندنی ئەوەی هەموو بڕگەكانی رێككەوتنی 17ی مایسی پارساڵ جێبەجێ دەكەن! دواتریش نەخشەڕێگە هەشت خاڵییەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بۆ 2017، نیشانەی ئەوەیە كە ئیرادەیەكی بەهێز بۆ بەلاداخستنی قەیرانی سیاسیی كوردستان لەئارادا نییە و، یەكێتی پتر لەوەی خەمی حوكمڕانیی كوردستاندا بێت، بەتەنگ رازیكردنی دڵی گۆڕان و پێگە قایمكردنە وەك حزبێكی ناوچەیی. ئەوەش ئامانجی سەرەكیی گۆڕانە.

هەشت مانگە گۆڕان و یەكێتی رێككەوتنیان ئیمزاكردووە، لە بنەڕەتدا ئینسیجامی ئیدارەی مەحەلی و هاودەنگیی فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمانی كوردستاندا، پێش رێككەوتنی 17ی مایس، گەلێك زیاتر بوو و لە سەروبەندی هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا، تەنانەت وەك یەك فراكسیۆن وابوون! بەڵام بە دەستبەتاڵی لە هاوكێشەكە دەرچوون. لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردووشدا، دەركەوت كە بەبێ رەزامەندی و موبارەكەی پارتی، هەر رێككەوتنێك بكەن لە دێگەڵە و پردێ ئاودیو نابێ.

كەواتە نەك هاوسەنگیی هێزیان پێ نەگۆڕدراوە، بگرە هاوسەنگیی خۆشیان تێكداوە، بۆیە ئەگەر ئەوە وەبەرهێنانی سیاسی بێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، لەوەش هیچیان چنگناكەوێ و بچووك و بچووكتریش دەبنەوە.

زۆر ئەستەمە تازە وا بەئاسانی نێوماڵی یەكێتی یەكبخرێتەوە و، لە باشترین حاڵەتدا، خەڵكێك بەدەوری باڵی ماڵباتدا دەمێننەوە كە قۆناغی دوای ئەویش تەسفیەی حیساباتی نێوان دوو بنەماڵەی برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی دەبێت. بۆیە تەنها فاكتەرێك كە دەیتوانی یاریدەدەر بێت بۆ پاراستنی سەنگی یەكێتی لە هاوكێشەی سیاسیدا، ئەوەبوو كە لەجیاتیی گەمەكردن بە دەستەواژەكان، سەرەتا لەگەڵ پارتی رێككەوتنێكی جوامێرانە ئیمزا بكات، چونكە یەكێتی بۆ كاریگەری خستنە سەر پارتی و هێنانەدیی داواكانی پێویستی بە گۆڕان نییە، بگرە یەكێتی بە گۆڕانەوە بچووكتر دەبێتەوە تا گەورەتر!

هەڵوەرینی سیاسی و تەنزیمی لەسەر ئاستی سەركردایەتی و كادیران لەنێو یەكێتیدا بەردەوام دەبێت. بەتایبەتیش ئەوانەی كە زۆر بەزەقی هەست بەوە دەكەن كە یەكێتی دەبێتە حیزبی ناوچەیەكی جوگرافی و لە ئامانجە سیاسییەكانی رابردووی دادەماڵدرێت. هاوكات نائومێدی لە ناوەندی بڕیاری یەكێتیدا وەك پڕۆژەیەكی ئەڵتەرناتیڤ هێندەی دیكەش ئەو هەڵوەرینە خێراتر دەكات.

ئەمجارەیان بارزانی دەچێت
(3)

ئێران لەسەر دەستی ئیدارەی ترەمپ تووشی پاشەكشێیەكی گەورەی ناوچەیی دەبێت و ئەو لووتبەرزییەی ئێستای تێكدەشكێندرێت. لە ساڵی رابردوودا، ئێران لەڕێگەی وەزیری ئیتیلاعاتەوە بانگهێشتی بارزانیی كرد و هەموو هەوڵیشی ئەوە بوو كە وەك سەرۆكی حیزبێك پێشوازی لە بارزانی بكات تا وەک سەرۆكی هەرێمی كوردستان! لەكاتێكدا كە بارزانی لە هەموو ناوەندە بڕیاربەدەستەكانی دنیا وەكو سەرۆكی هەرێم بە ئاڵای كوردستانەوە پێشوازیی لێدەكرێت، ئێران نەیدەویست ئەوە بكات. بۆیە بانگهێشتی ئەمجارە لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە و پێشوازیكردنی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە پرۆتۆكۆڵی رەسمی، نیشانیدەدات ئێران لەو لووتبەرزییەی هاتۆتە خوار و بارزانیش دەچێتە تاران.

چوونی بارزانی بۆ تاران ناتوانێ كۆتایی بە دەستتێوەردان و فیتنەگێڕیی ئێران لە نێوخۆی كوردستاندا بهێنێت، بەڵام دانپێدانان و پاشەكشەیەكی گەورەی ئێرانە بەرامبەر بارزانی و پێگەكەی.

Back to top button