تەواوی رێگەی خێرای هەولێر – دهۆك دەکرێتەوە
دوای تێپەڕبون دوو ساڵ و 7 مانگ بەسەر دانانی بەردی بناغەی رێگەی خێرای هەولێر – دهۆک، دوایین قۆناغی پڕۆژەکە تەواوبووە و بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە رێگاکە بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان بکرێتەوە.
پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر – گۆپاڵ بە درێژیی 38 كیلۆمەتر، ساڵێك زووتر لە كاتی دیاریكراوی خۆی تەواو كراوە، پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای هێمن گرووپەوە رادەستی حكوومەت كراوە و بەفەرمی بەڕووی ئۆتۆمبێلەكان دەكرێتەوە. هەر ئەمساڵ دەست بە جێبەجێكردنی بەشێكی تری 150 مەتری دەكرێت.
مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە و دوای تەواوبونی سەرجەم کارەکانی رێگەی خێرای هەولێر- دهۆک لەمەڕاسیمێکدا دەکرێتەوە.
کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە ساڵێک زوتر لە وادەی خۆیدا تەواویکردوە، پرۆژەی رێگەی خێرای نێوان ههولێر – گۆپاڵ، گۆپاڵ – رۆڤیا لە رێگەی دوو سایدی (ئۆتۆبان)ـی هەولێر ـ دهۆک ساڵی 2018 لەکابینەی هەشتەمی حکومەتدا بەردی بناغەی دانراوە و بڕیاربوو لە 900 (نۆ سەد) رۆژدا تەواوبکرێت، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە ساڵێک زوتر لە وادەی خۆیدا تەواویکردوە.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتی كردنەوەی بەشی یەكەمی پڕۆژەكە، وێڕای دەستخۆشی لە هێمن گرووپ، گوتبووی لەبەرئەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان تووشی تەنگژەیەكی دارایی بووە، وەك پێویست نەیتوانیوە بودجەی ھەموو ئەو پڕۆژانە دابین بكات كە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ كراون، بەڵكو زۆربەی پڕۆژەكان لەلایەن كەرتی تایبەت لەسەر ئەركی خۆیان جێبەجێ كراون، ئەوان یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی جووڵەی بازرگانی لە كوردستان نەوەستێت. ئەو دڵنیایی دایە كۆمپانیاكان كە حكوومەتی ھەرێم پابەندە بە دانەوەی قەرزەكان و شایستە داراییەكانیان.