سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لەتاوانەکانی داعش: ئەزموونی هەرێم نموونەیەکی سەرکەوتووه لهناوچهكهدا
سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کەریم ئەسەد ئەحمەد خان ، ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی هەنگاوەکانی پرۆسەی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش و هەماهەنگیی دەسەڵاتی دادوەریی و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بە دادگای تاوانکاریی تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان کرا.
ڕاوێژکاری تایبەت و سەرۆکی تیمی یونیتاد ، ستایشی هەماهەنگیی حکومەتی هەرێم و پشتگیرییەکانی سەرۆکی حکومەتی لە کار و ئەرکەکانی تیمی یونیتاد و سیستەمی دادوەریی کرد و ئەزموونی هەرێمی کوردستانیشی لەم بوارەدا، وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو لە ناوچەکە ناوبرد.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی یونیتادی کرد بۆ ماوەی کارکردنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە پێناو هێنانەدی دادپەروەری بۆ قوربانییانی تاوانەکانی داعش و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاریان. پیرۆزباییشی لێکرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەک داواکاری گشتیی دادگای نێودەولەتیی تاوانەکان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی نوێیدا.