ئێران رازیە بە سەربەخۆی كوردستان بەڵام مەرجێكی هەیە

خواكوڕك

 

لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی رووداو هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی و جەماوەری یەكگرتوو، بۆچوونی ئێرانییەكان لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان ئاشكرادەكات و دەڵێت “من راشكاوانە گوتم ئەگەر بەغدا پابەندی دەستوور نەبێ‌، هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی پەنا بۆ بژارەی دیكە ببات، بەتایبەتی سەربەخۆیی. ئەوانیش گوتیان ئەگەر بابەتەكە بە ئاشتی بكرێت، سەربەخۆیی كوردستان نەبێتە هەڕەشە لەسەر ئێران، ئەوان تەفەهومی دەكەن، بەڵام ئەوەی هەستمانپێكرد ئەوان دڵنیانین. بۆیە چاوەڕێی دڵنیایی دەكەن”.

ئەمە لەكاتێكدایە كە لەكۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، وەزیری دەرەوەی ئێران ( جەواد زەریف) بۆ جارێكی تر بانگێشتی بارزانی كرد بۆ ئێران، فەرەیدوون عبدلقادر ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ هەمان رۆژنامەش دەلێت پێشتر هۆكاری سەردانی نەكردنی بارزانی بۆ ئێران، لەبەر بەفەرمی دانانی ئاڵای كوردستان بووە، كە ئێران ئامادە نەبووە ئاڵای كوردستان دانێت، بۆیە بارزانیش سەفەرەكەی نەكردووە، چاوەروانی گۆڕانكاری بووە لە هەڵوێستی ئێران”.

هەر لەو بارەیەوە هێمن عەبدولڵا نووسەر و رۆژنامەنووسی لە وتارێكی دا دەلێت بۆ ئێرانیش ئەو کاردانەوانەی لەمڕۆژانەدا لە زاری بەرپرسانیەوە سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستان دەبیسترێت، بیرخەرەوەی قۆناخی دامەزراندنی کۆماری ئازەربایجانە لەپاش رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت. ئەوکات ئێران بەهۆی هەبوونی ئازەرییەکانەوە لە ئێران و لەترسی جووڵانی هەستی نەتەوەیی ئازەرییەکان، هەڵوێستی نەرێنیی هەبوو بەرامبەر کۆمارە تازە دامەزراوەکەی ئازەربایجان. لەو نێوانەدا تورکیا قازانجیکرد و ئێستا تازە بە تازە ئێران خەریکە هەڵەکانی لە کەیسی سەربەخۆیی ئازەربایجاندا راستدەکاتەوە.

پێشتر نووسینگەی عەلی ئەكبەر ویلایەتی، راوێژكاری باڵای عەلی خامنەیی، لەبارەی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ شاندەكەی یەكگرتوو، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە. لە بەشێكیدا دەڵێت  “سەلاحەدین بەهائەدین پشتیوانی لە یەكپارچەیی عێراق دەكات. ئێمە سەبارەت بە داهاتووی عێراق و ناوچەكە گفتوگۆمان كرد. كۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە عێراقێكی یەكپارچە و یەكگرتوو دەكات كە كورد و شیعە و سوننە ساڵانێكە پێكەوە تێیدا دەژین بەڵام رۆژێك دوای گەڕانەوەی لە ئێران، سەلاحەدین بەهائەدین بەناراستەوخۆ وەڵامی ئەو راگەیاندراوەی عەلی ئەكبەر ویلایەتی دایەوە، گوتی بۆ ئەوەی عێراق سەركەوتوو بێت، دەبێ‌ دەستوور جێبەجێ‌ بكرێت، لە دیباچەی دەستوورەكەش باس لەوە كراوە کە عێراق وڵاتێكی ئارەزوومەندانەیە ئەگەر دەستوور جێبەجێ‌ نەكرێت ئەو رێگای دیكە دێتە پێشەوە، لە ئێرانیش گوتم هەموو گەلێك مافی خۆیەتی مافی چارەنووسی خۆی دیاری بكات، ئێمەش ئەو مافەمان هەیە، بەڵام بە هەلومەرجی رەخساوی نێودەوڵەتی”.

 

Back to top button