نێچیرڤان بارزانی نامەیەک بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەنێرێت
لە رێگەی پەیامی فەرمی و هەروەها کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، نێچیرڤان بارزانی یەکەمین سەرکردەی کوردستانییە کە پەیوەندی فەرمی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردبێتەوە. نوێنەران و باڵیۆزانی وڵاتان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێگە و رێسای تایبەتی دیپلۆماسییان هەیە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکاتە چەقی بڕیاری نێودەوڵەتی.
نوێنەرانی وڵاتان لە ئەنجوومەنەکە جۆرە سەربەخۆییەکیان هەیە دوور لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکانیان بەتایبەتی لە بڕیاردان دەربارەی وردەکاریی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵاتێکی وەکو عێراق و زۆر جار نوێنەرانی وڵاتان لە ئەنجوومەنەکە لە ئاستی وەزیری دەرەوە و پلەی بەرزترن لە باڵیۆز. ئەمەش لە زۆر کاتدا حکومەتی زۆربەی وڵاتان ناچار دەکات کە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بکەن بۆ هەر گۆرانکارییەک کە بیانەوێت لە رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگە نێودەوڵەتییەکان لە بابەتێکی دیاریکراودا.
ئەمانە کورتەی داواکارییەکانی نێچیرڤان بارزانین لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی:
– نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەسەڵاتی زیاتری پێبدرێت و رۆڵی زیاتری هەبێت لە نێوەندگیریی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەتی کێشەی دابەشکردنی سامانە سرووشتییەکان و هەروەها جێبەجێکردنی ماددەی 140.
– سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە داواکارییەکەی حکومەتی عێراق دەکات بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ زیاترکردنی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان لە عێراق و دڵنیابوون لەوەی کە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لە عێراق بە باشی بەڕێوەبچێت دوور لە پێشێلکاری.
– لە نامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا داوای ئەوە دەکات کە لە دەقی پرۆژەبڕیاری نوێی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەربارەی عێراق پشتگیریی فەرمی ئەنجوومەنەکە هەبێت بۆ ئەو رێککەوتنەی کە لەم دواییە لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان روویدا دەربارەی بودجە و دابەشکردنی سامانە سرووشتییەکان.
– نێچیرڤان بارزانی داوای هاوکاریی مرۆیی و پشتگیریی زیاتر دەکات بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی ژیانیان لەنێو کامپەکان.
س: رووداو