مهسرور بارزانى بۆ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لەکوردستان: ههرێمی كوردستان به جێبهجێكردنی یاسای بودجه پابهند دهبێت
ئەمڕۆ سێشەممە 2021/4/20 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە .
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا تاووتوێ کرا.
سەبارەت بە پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدرالی ، سەرۆکی حکومەت پابەندبوونی هەرێمی کوردستانی بەجێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی دووپاتکردەوە و داواشی کرد لە بەرامبەردا ، حکومەتی فیدراڵی پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی شایستە داراییەکان جێبەجێ بکات کە دە مانگ دەبێت ، حکومەتی فیدراڵی، هیچ بەشە مووچەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.
سەرۆکی حکومەت هیوای خواست پەسەندکردنی یاسای بودجە، ببێتە دەستپێکێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تر بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، بە تایبەتی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە کاریگەرییەکی ئەرێنی لە سەر سەقامگیریی و ئاسایش و ئارامیی عێراق دەبێت.
سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەت بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەو هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان و برەودان بە شەفافیەت و سنوودرانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی .
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، هەموو ئاسانکارییەکی پێویست پێشکەشی وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ دەکات بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە هەموو بوارەکاندا .
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت وەڵامی پرسیارەکانی کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای دایەوە .