دانە غاز: بەرهەمهێنانی غازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستان 9٪ زیادیکردووە

کۆمپانیای دانە غاز رایگەیاند لە ئەمساڵدا بڕی 53 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و ئاشکرایدەکات بە بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاستی بەرهەمێنانی غاز بە رێژەی 9٪ زیادیکردووە.
کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی کە وەبەرهێنان لە غازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستان دەکات، ئەمڕۆ سێشەممە 20ی نیسانی 2021، لە راگەیێنراوێکدا ئاشکرایکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵی 2021ـەوە کۆمپانیای بیریڵ پێترۆلیۆم کە دانە غاز بەشێکە تێیدا،بڕی 151ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە فرۆشتنی غاز وبەهەمەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان دەستخستووە.
دانە غاز ئەوەی ئاشکراکردووە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بڕی 53 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە وەکو هەقدەستی خۆی و رایگەیاندووە هەرێمی کوردستان بەتەواوی و لەکاتی خۆیدا بڕی ئەو پارانەی لەسەریەتی دەداتەوە.
دانەغاز، کۆمپانیایەکی ئیماراتی تایبەتە بە وزە، لە ساڵی 2005 دامەزراوە، بە گەورەترین کۆمپانیای تایبەت بە غازی سرووشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێتە هەژمارکردن.
پاترێک ئاڵمان وارد، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای دانە غاز لەوبارەیەوە رایگەیاندووە “گەشبینین بەو وەبەرهێنانەی لە چوارچێوەی پلانەکانی ئایندەمان دەیکەین بە پشتبەستن بە زیادبوونی بەرهەم و ئەو بڕە پارانەی بەڕێکی لەهەرێمی کوردستان وەریدەگرین.”
هەروەها کۆمپانیاکە پێشبینی ئەوەشی کردووە بە مانەوەی نرخی ئێستای نەوت، هەرێمی کوردستان بتوانێت لە چارەکی سێهەمی ئەمساڵی 2021 سەرجەم قەرزەکانی کە بە کۆمپانیا قەرزدارە بداتەوە.
دانە غاز لە راگەیێندراوەکەیدا روونی کردووەتەوە، “ئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان، لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2020، زیادبوونێکی گەورەی تۆمارکرد، پاش فراوانکردنی کارەکان لە کێڵگەی کۆرمۆر، رێژەی بەرهەمی غازی سرووشتی بەرێژەی 12٪ لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ زیادکرد بەتێکڕای 439 ملیۆن مەتر سێجای پێوانەیی لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا ئەو ژمارەیە لە هەمان ماوەی ساڵی پێشوو رۆژانە 391 ملیۆن مەتر سێجای پێوانەیی بوو.”
لەساڵی 2007 هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای دانە غاز رێککەوتنێکیان بۆ دامەزراندنی شاری غاز لە کوردستان واژۆکرد، لە ساڵی 2008 بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستیپێکرد.

 

س: رووداو

Back to top button