د.جووتيار عادل : 25ی مانگ مووچه‌ى مانگى نيسانى 2021 دابه‌ش ده‌كرێت

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌دواى كۆبووه‌نه‌وه‌ى ئه‌مرۆى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيران ناوه‌رۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئاشكرا كرد و گوتى :” دوو پڕۆژه‌یاسا خرانه‌ روو و به‌ كۆی ده‌نگ په‌سه‌ند كران ، ده‌شلێ:ی مانگ مووچه‌ى مانگى نيسانى 2021 دابه‌ش ده‌كرێت.

جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رایگه‌یاند، ” له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چه‌ند ته‌وه‌رێك تاووتوێ كراوه‌، تاوەکو ئێستا بڕی لێبڕینی مووچە یەکلایینەبووەتەوە، لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران بابەتەکە دەخرێتەڕوو.

جووتیار عادل گوتيشی: “بابه‌تی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی كوردستان تاوتوێكراوه‌ و هێشتان نه‌گه‌یشتووینه‌ته‌ بڕیار، به‌ڵام پابه‌ندی به‌ڵێنی خۆمان ده‌بین و له‌ هه‌ر (30) رۆژ جارێك مووچه‌ دابه‌ش ده‌كرێت و، پابەندی بڕیاری خۆمان دەبین و 25 مانگ مووچە دابەشدەکەین، رێژەی  تەمویلیش بەپێی پلانی حکومەت دەبێت”.

لەباره‌ى ناوه‌رۆكى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مرۆى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيرانيشدا د.جووتیار عادل گوتى: “له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا پرسی هێرشی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر خراوه‌ته‌ روو گووتى  دابینكردنی ئارامی و ئاسایشی خه‌ڵك له‌ پێشینكاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، سوپاسی دۆست و هاوپه‌یمانان كرد، كه‌ پاڵپشتیی خۆیان بۆ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕیوه‌ و دڵنییان داوه‌ و وه‌كوو حكوومه‌ت سوپاسیان ده‌كه‌ین.

هه‌روه‌ها گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زياتر گوتى:” بابه‌تی دووه‌می كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، په‌یوه‌ست بوو به‌ خستنه‌رووی هێڵه‌ گشتییه‌كانی بودجه‌ی 2021ـی كوردستان، هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیره‌كانی دارایی و پلاندانان، خه‌رجی و داهات و كورتهێنانی خسته‌ روو هێشتا قسه‌ی زیاتری له‌سه‌ر ده‌كرێ و هه‌فته‌ی داهاتوو پڕۆژه‌كه‌ به‌ ته‌واوی ئاماده‌ ده‌كرێ و بڕیاری گونجاو چ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجى چ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنان ده‌درێ”.

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ گوتيشى،  دوو پڕۆژه‌یاسا خرانه‌ روو و به‌ كۆی ده‌نگ په‌سه‌ند كران، یه‌كه‌م پڕۆژه‌یاسای ماف و ئیمتیازاتی كه‌مئه‌ندام و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت ژماره‌ 22ـی ساڵی 2011ـی هه‌رێمی كوردستان به‌ تێكڕانی ده‌نگی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن، دووه‌میش پڕۆژه‌ی به‌ركاركردنی یاسای ڕه‌سمی پوولی عێراقی  ژماره‌ 71ـی 2012ـی عێراق كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كارا بكرێ.

راشيگه‌ياند:”  په‌یڕه‌وی ڕێكخستنی پاسه‌وانیش به‌ كۆی ده‌نگ په‌سه‌ند كرا و دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ وه‌قائیعی كوردستان ده‌چێته‌ واری جێبه‌جێكردن.

له‌به‌شێكى ترى قسه‌كانيدا گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گوتى: نیگه‌رانین له‌ ده‌وامی هه‌ندێ فه‌رمانگه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ ئیداره‌ی پارێزگای سلێمانی خه‌مسیاردییه‌كی له‌ ده‌وامكردن هه‌یه‌، فه‌رمانمان به‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كردووه‌ به‌دواداچوونی بۆ بكه‌ن، ئه‌مه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی زیادبوونی رۆتین، كه‌ حكوومه‌ت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵی ناكات و پێویسته‌ داموده‌زگاكان له‌ خزمه‌تی خه‌ڵكدا بن.”

له‌كۆتايى قسه‌كانيدا د.جووتيار عادل گوتى :” له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا، به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی راسپار، ڕێنوێنیی گونجاو له‌ باره‌ی رووماڵكردنی هه‌ندێ دیارده‌ ده‌ربكا، كه‌ هه‌ندێ كار له‌ ميدیاكان كراون، دڵه‌ڕاوكێی لای هاووڵاتیان دروست كردووه‌.

 

Back to top button