كاتێك خۆتان لەنەتەوە و كوردستانی بوون خاڵی كرد داوای كامە هاوسەنگی هێز دەكەن

كاتێك خۆتان لەنەتەوە و كوردستانی بوون خاڵی كرد داوای كامە هاوسەنگی هێز دەكەن
رێكان سەباح
 
هاوسەنگی سیاسی و هێز لەكوردستاندا بەرئەنجامی پاراستنی بەها هاوبەشەكانی نەتەوە و نیشتمانە، كاتێك هاوسەنگی هێز دروست دەبێت كە هێزی سیاسی بەشداری بێت لە پاراستنی بەهاكانی نیشتمان و نەتەوە و ئاڵا و مارشی نەتەوەی و شەهید،پێشمەرگە” بەڵام كەكاتێك رێكخراوی سیاسی یان گروپی سیاسی خاڵی بێت لەو بەهایانە، بێگومان لەناو ئەو نەتەوە و نیشتمانەدا كە هێشتا لەژێر چەپوكی داگیركەری جوگرافیا و نەتەوە دایە ناتوانێت هێز بێت نەك هاوسەنگی هێز بەرجەستە بكات، ئەوەی تاوەكو ئێستا یەكێتی و گۆڕان بەدیاری كراوی لێ تێناگەن، ئەوەیە بونی هاوسەنگی هێز بریتی نیە لە مۆنۆپۆڵی دەسەڵات یان بوونی سیستەم و پۆستی سیادی، خۆ ئەگەر ئەمە راست بێت، یەكێتی هەم پانتای جوگرافیا كەناویان لێناوە ( زۆنی سەوز) هەیە و هەم دەسەڵات و هەم پێشمەرگە و ئاسایشیشی هەیە، بەڵام ئایا یەكێتی هاوسەنگی هێزە، لەگەڵ پارتی؟ بێگومان ئەم پرسیارە لەژێر رۆشنای هەڵوێستی پارتی و تێگەیشتنی پارتی بۆ بەها نەتەوەی و نیشتمانیەكان وەڵام دەدرێتەوە”.
 
كاتێك پارتی بێ رەچاو كردنی پەیوەندی سیاسی حزبی، بەرگری رەها لە ئاڵا و نەتەوە و پێشمەرگە و كوردستان و مارشی نەتەوەی دەكات و بەدەنگی بەرز بانگەشەی دەوڵەت و سەربەخۆی دەكات، ئالێرەدا پارتی دەبێتە هێزی باڵا كە تێیدا وەك مەرجەعی سیاسی سەركردەكانی ببێتە مەرجەعی نەتەوەی كورد بۆ مامەڵە دونیا لەگەڵی، خۆ دەكرێت ئێمە نموونەی پەكەكەش لە سوریا بهێنینە بەرچاو، چونكە پەكەكە سەروەری سیاسی و سەروەری نەتەوەی كوردی تێدا بەرجەستە نیە، هیچ كۆڕ و كۆبوونەوەیەكی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی ناتوانێت پەكەكە لە سوریا وەك هێزی سیاسی نوێنەر كورد وەربگرێت، بەڵام لەهەمان كاتدا ئەنەكەسێ كە هەڵگری رێبازی بارزانی و درێژكراوی ئەو قوتابخانەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستانیشی لەسەر دامەزراوە، لەهەموو كۆڕ و كۆبوونەوەیەك و دانووستاندنێك لە سوریا لەسەر ئاستی ناوچەی و ئیقلیمی بانگێشت دەكرێت، بۆیە ئەم نموونەی رۆژئاوای كوردستان دەبێت شایانی تێگەیشتن بێت، خۆ ئەنەكەسێ هیچ وجودێكیشی لە رۆژئاوای كوردستان نیە( لەبەر خۆسەپێنی و دیكتاتۆری پەیەدەی باڵی پەكەكە)، بەڵام مەرجەعی سیاسی كوردە چونكە سەروەری نەتەوەی و سیاسی خۆی هەیە كە مەرجەعیەتەكەی قوتابخانەی ئەو رێبازەیە كە بەرێبازی بارزانی پێناسە دەكرێت”.
 
ئەوەی یەكێتی و گۆڕان داوای دەكەن نەك پارتی هیچ هێزێكی سیاسی ناتوانێت بۆیان بەرجەستە بكات، تا ئەو كاتە سەروەری سیاسی و نەتەوەی كورد بەرجەستە نەبێت، لە فۆرمێكی نوێی ستراتیژی رێكخراوەی سیاسی خۆیان، خۆ ئەگەر نەشی كەن و بەردەوام بن لەو یاری پێكردنە بە سەروەری نەتەوەی ئەوە بێ شك ” ئەوە دەرئەنجامەكەیان دەبێت كە هەیە و كە بۆنەتە جێگای بەزەیی پێهاتنەوە”، بۆیە كاتێك هێزی سیاسی دەتوانێت سەركەوتوو بێت كە تێیدا ئاڵا و نیشتمان و شەهید و پێشمەرگە، مارشی نەتەوەی بكاتە خاڵی ستراتیژی خۆی و هێلی سور، ئینجا خۆی لەگۆڕەپانی سیاسی دا هاوسەنگ دەبێت، بێ ئەوەی هیچ پۆست و پلەیەكیشی هەبێت، چونكە هێز لە باوەر بوون بە جوگرافیای و نەتەوە و سەروەری نەتەوەی دا بەرجەستە دەبێت، نەك لە پۆست و بەدەستەوە گرتنی جوگرافیای سیاسی” خۆ ئەگەر ئەوەش نەبێت تەنها ئەو قیرە قیرە دەبێت كە بۆتە جێگای بەزەی.
Back to top button