سهرۆكی ههرێمی کوردستان : پشتیوانی تەواومان بۆ رۆژنامەنووسان و ئازادی رۆژنامەگەری دووپاتدەكەینەوە
لە یادی 123ساڵەی رۆژنامەگەری کوردیيدا، نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان پهیامێكی بڵاو كردهوه و رایدهگهێنێت: لە یادى(123) ساڵەی ڕۆژى ڕۆژنامەگەریی كوردى و(23) ساڵەى دامەزراندنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستاندا، پیرۆزبایى لە ڕۆژنامەنووسان و سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. پشتیوانیی تەواومان بۆ ڕۆژنامەنووسان و باوەری نەگۆڕمان بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز، دووپات دەكەینەوە.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان راشیدهگهێنێت: ڕەخساندنی ژینگەی ئارام و لەبار و هاندەر بۆ ڕۆژنامەنووسان و گەیشتنیان بە سەرچاوەكانی زانیاری و گواستنەوەی دوور لە هەر جۆرە بەربەستێک، زامنە بۆ ئەوەی كایەی ڕۆژنامەگەری بتوانێت ئەركی خۆی لە هۆشیاركردنەوەی ڕای گشتی و ڕۆڵی چاودێرانەی بەسەر کارى دامودەزگاكانەوە بە جۆرێك ببینێت كە ببێتە هاوبەشێكی كاریگەر لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسى و كۆمەڵگەدا.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژه بۆ ئهوهش دهكات: چاوەڕوانین ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیارانە و پیشەیییانە، بە ڕەچاوكردنی یاسا بەركارەكان و ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، ڕاستگۆ، هاوسەنگ و بێلایەن، كاری خۆیان بكەن و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سهقامگیریى سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەیان لەبەرچاو بگرن. هەر پیشێلكارییەكی بوارى ڕۆژنامەوانى، دەبێت بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت.
لهبهشێكی دیكهی پهیامهكهی سهرۆكی ههرێمی كوردستان لهیادی 123 ساڵهی ڕۆژی رۆژنامهگهری كوردیدا رایدهگهێنێت: بە چاوی ڕێزەوە لە ڕۆڵی ئەو دەزگا و ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆیییانە دەڕوانین کە بە ڕاستگۆیى و ئەمانەتەوە چاودێریی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێمى كوردستان دەكەن، ڕاپۆرتەكانیان بە یارمەتیدەر و ڕێنیشاندەر بۆ پتەوتركردنی زەمینە و پاراستنى ئازادییەكان دەنرخێنین.
ههروهها دهشڵێت: هەر لەم بۆنەیەدا نیگەرانیی قووڵم لەو دیاردە دزێو و زمانە ئاستنزمە دەردەبڕم كە بەداخەوە لە بەشێكی میدیا و سۆشیاڵ میدیای كوردستاندا سەریهەڵداوە، زمانێك نامۆ بە ئاكار و نەریتی کۆمەڵگەى کوردستان و بە مێژوو و كەلەپووری سەنگینی ڕۆژنامەگەریی كوردی و دوور لە هەموو ئیتیك و بەهایەكی ڕۆژنامەوانی. دەبێ بە هەوڵی هەموو لایەك سنوورێك بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت و کۆتایی پێبێت.
لهكۆتاییدا نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان رایدهگهێنێت: خۆشحاڵین کە دوێنێ پەرلەمانى کوردستان بڕیارى بۆ بە فەرمى ناساندنى 22ى نیسان وەک ڕۆژى ڕۆژنامەگەریى کوردى دەرکرد و لەم یادەدا دروود بۆ گیانى میر میقداد میدحهت بەدرخانی پێشەنگ و هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەنێرین کە ژیان و پیشەكەیان خستە خزمەتى ئازادی و پێشکەوتنى گەلەكەیان و لەپێناو گەیاندنی ڕاستی و گەشەپێدانی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا گیانیان سپارد. هیوادارم یادەكانی داهاتوو پێكەوە لە دۆخێكی باشتردا بكەینەوە.