سەرۆك بارزانی: ڕۆژنامەنووسان ڕۆڵێكی گرنگیان لە ئاراستەكردنی ڕای گشتی و پێشخستنی كۆمەڵگەدا هەیە
سەرۆك بارزانی بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی له پهیامێكیدا رایگهیاند: پێویستە ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی كوردی چەكێكی بەهێز بێت لە دەستی گەلی كوردستان بۆ بەرگریكردن لە مافە ڕەواكانی میللەتەكەمان و هەورەها ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان بە هەموو جیهان.
دهقی پهیامهكهی سهرۆك بارزانی ..
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی سەد و بیست و سێیەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی كە هاوكات ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان دەكەم.
ڕۆژنامەنووس و میدیاكاران ئەركی هۆشیاركردنەوە و گەیاندنی زانیاری بە كۆمەڵگەیان لەسەر شانە كە لە ڕاستیدا ئەركێكی پیرۆز و هەستیارە و، ڕۆژنامەنووسان ڕۆڵێكی گرنگیان لە ئاراستەكردنی ڕای گشتی و پێشخستنی كۆمەڵگەدا هەیە.
پێویستە ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی كوردی چەكێكی بەهێز بێت لە دەستی گەلی كوردستان بۆ بەرگریكردن لە مافە ڕەواكانی میللەتەكەمان و هەورەها ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان بە هەموو جیهان و، لە هەمانكاتیشدا سەكۆی قووڵتركردنەوەی فەرهەنگی ئاشتیخوازی و پێكەوەژیان و مرۆڤدۆستی بێت.
هەروەها داواشم لە ڕۆژنامەنووسانی خۆشەویست ئەوەیە کە ڕووبەڕووی ئەو تەوژم و هێرشە ڕێکخراوە ئیعلامییە ببنەوە کە بۆ دژایەتیکردنی ئیرادەی گەلی کوردستان لە لایەن ناحەزانی گەلی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
لەو یادەدا داوا لە هەموو ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی خۆشەویست و دەزگەكانی ڕاگەیاندن دەكەم كە ئەو ئەركە پیرۆزەیان لە چوارچێوەی پێوەرەكانی ڕۆژنامەگەریی پڕۆفیشناڵ و میسداقییەت و ڕاستگۆیی و بەلەبەرچاوگرتنی بەها و بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات ئەنجام بدەن.
هیوای سەركەوتن بۆ هەموو ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەخوازم.
مسعود بارزانی
22ـی نیسانی 2021