بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پرۆژه‌يه‌كى ستراتيجى ئاماده‌كراوه‌

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی ستراتیژیی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئامادەیە و چاوەڕێ دەکرێت ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی داھاتوودا پەسەندی بکات و دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت، کە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە و حکوومەت وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش ھاوکارمان دەبن، کە ھەموو بوار و فەرمانگەکانیش دەگرێتەوە و بۆ ماوەی سێ ساڵە.

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، گوتی، بڕیار بوو لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوودا ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەی ستراتیژیی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بۆ سێ ساڵی داھاتوو بخاتە بەرنامەی کارەوە، بەڵام بە ھۆی ئەوەی تووشی نەخۆشی بووین، ئەو کارە نەکرا و لە کۆبوونەوەی داھاتوودا چاوەڕێ دەکەین بخرێتە بەرنامەی کار و دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت، کە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە و عێراقیش وا کاری لەسەر دەکات و لە وڵاتانیش ھەیە، چونکە دوای ئامادەکردنی ئەو پڕۆژە گرنگە، وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش ئامادەییان نیشان داوە پشتگیری و ھاوکاریمان بکەن و حکوومەتیش خۆی زۆر جیددییە لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا پەسەند دەکرێت.

ناوبراو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی، ئەو پڕۆژەیە، ھەموو سێکتەر و فەرمانگەکان و جومگەکانی وڵات دەگرێتەوە و شێوازەکەش لە پڕۆژەکەدا زۆر بە جوانی ڕوون کراوەتەوە کە چۆن کاری لەسەر بکرێت و ھەر فەرمانگەیەک ئەوکات کار لەسەر رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکات و حکوومەتیش مکوڕە لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، چونکە دەتوانن لەو رێگەیەوە ھەنگاوی زۆر گرنگ بنێن، لەبەر ئەوەی ئەوە رێگەیەکی باشە بۆ ئەوەی رێگری لە گەندەڵی بکرێت لە ھەموو بوارێکدا، ھەر بۆیەش ئەو رێگەیەمان گرتۆتە بەر، چونکە رێگریکردن لە گەندەڵی، کارێکی ھەرە لەپێشینەی حکوومەت و ئێمەشە.

Back to top button