شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: بە سەرپەرشتیی (یوئێن) گفتوگۆ بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دەستی پێكردەوە

ئەندامێكی  لیژنەی ئاساییكردنەوەی  دۆخی ناوچە كوردستانییەكان رایگەیاند، گفتوگۆكان بۆ  ئاساییكردنەوەی  دۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان لە نێوان پێكھاتەكان بە سەرپەرشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان دەستیان پێكردووەتەوە، بۆ ئەوەی پێش ھەڵبژاردن بگەینە رێككەوتن، چونكە دۆخی ناوچەكە زۆر مەترسیدارە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، گوتی: “گفتوگۆكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك بە سەرپەرشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە نێوان پێكھاتەكاندا دەستیان پێكردووەتەوە و ئومێد دەكەین بەردەوام بن، بۆ ئەوەی بگەینە رێككەوتنێك بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و ئێستاش لەو خاڵە دەستمان پێكردووەتەوە، كە پێشتر گفتوگۆمان لەسەر دەكرد، ئەویش پرسی زەوییە كشتوكاڵییەكانە”.

عەبدوڵڵا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رايگه‌ياندووه‌: “ھەموو ھەوڵێك دەدەین پێش ھەڵبژاردن بتوانین بگەینە رێككەوتن و دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە، چونكە دوای پەسەندكردنی بودجە، دەست بە ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان دەكرێت، بۆیە ھەموو لایەك ھەوڵ دەدەن پێش ھەڵبژاردن دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە”.

ناوبراو ڕوونیشی كردۆته‌وه‌، دۆخی ئەو ناوچانە زۆر مەترسیدار بووە و داعش جموجۆڵ و كردەوەی زیاد بووە، ئەو ھێزە میلیشیایانەی لەوێشن، شارەزای ناوچەكە نین و مەترسیی پێكدادانی كۆمەڵایەتی ھەیە، بۆیە پێش ئەوەی گرفت لە نێوان پێكھاتەكاندا دروست ببێت، گرنگە رێككەوتن بكرێت.

Back to top button