نێچیرڤان بارزانی: نه‌خۆشخانه‌كانمان به‌ ته‌واوی ئاماده‌ن بۆ پێشوازیكردن له‌ بریندارانی ڕووداوه‌كه‌ی به‌غدا

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت، هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ی هه‌موو هاوكارییه‌كی پێویسته‌ و نه‌خۆشخانه‌كانی به‌ ته‌واوی ئاماده‌ن بۆ پێشوازیكردن له‌ بریندارانی ڕووداوه‌كه‌ و پێشكه‌شكردنی هه‌موو چاودێرییه‌كی پزیشكیی پێویست.

ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

ڕووداوی به‌ئازار و دڵته‌زێنی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی شه‌وی ڕابردوو‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئیبن ئه‌لخه‌تیبی تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشه‌كانی كۆرۆنا له‌ به‌غدا كه‌ تیایدا ده‌یان كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست دا و بریندار بوون، هه‌موومانی هه‌ژاند.

پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی قووڵم ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ و كه‌سوكاری قوربانیان و ته‌واوی گه‌لی عێراق ده‌كه‌م، هاوسۆز و هاوبه‌شی خه‌م و په‌ژاره‌یانم. له‌ خوای مه‌زن داواكارم گیانیان به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی شاد بكات و شیفای به‌په‌له‌ بۆ برینداران بنێرێت.

هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ی هه‌موو هاوكارییه‌كی پێویسته‌ و نه‌خۆشخانه‌كانی به‌ ته‌واوی ئاماده‌ن بۆ پێشوازیكردن له‌ بریندارانی ڕووداوه‌كه‌ و پێشكه‌شكردنی هه‌موو چاودێرییه‌كی پزیشكیی پێویست.

لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان ده‌بێ هۆكاره‌كانی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ ئاشكرا بكه‌ن و لێچینه‌وه‌ له‌ هه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌كدا بكرێت و له‌ هه‌موو شوێنێك ئه‌وپه‌ڕی ڕێكاره‌كانی سه‌لامه‌تی بگیرێنه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ ڕووداوی وا دڵته‌زێن له‌ هیچ شوێنێكی وڵات دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

2021/4/25

Back to top button