حكوومەتى ههرێمى كوردستان راپۆرتی دووەمی چاكسازیی رادەستی پەرلەمان كرد
پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئەمڕۆ حكوومەت راپۆرتی دووەمی لیژنەی باڵای چاكسازیی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان، رادەستی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد و دواتر ڕادەستی لیژنەكانی تایبەتمەند و پەرلەمانتاران دەكرێت.
لیزا فەلەكەدین كاكەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووه، ئەمڕۆ دووشەممە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان راپۆرتی دووەمی لیژنەی باڵای چاكسازیی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان رادەستی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد و لای سەرۆكایەتی پەرلەمانە، هەروەك بڕیار وایە سێ مانگ جارێك ئەو ڕاپۆرتە ئاڕاستەی پەرلەمان بكرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان گوتیشی، مەبەست لەو ڕاپۆرت، هەماهەنگییە لە نێوان حكوومەت و پەرلەماندا، بۆ ئەوەی پەرلەمان ئاگاداری وردەكاری و هەنگاوەكانی یاسای چاكسازی بێت.
كاكەیی دەشڵێت، راپۆرتەكە ئەمڕۆ گەیشتووە و دواتر لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە ئاڕاستەی ئەو لیژنانە دەكرێ، كە كاتی خۆی كاریان لەسەر یاساكە كردووە، بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی خۆیان لەبارەیەوە ئەنجام بدەن و ئاگاداری وردەكاریی ڕاپۆرتەكە بن، لەگەڵ ئەوەشدا هاوكاری حكوومەت بن لە پێدانی پێشنیازەكان، بۆ ئەوەی بتوانن بۆ هەنگاوی داهاتوو هەم پرۆسەكە خێراتر بكەن، هەمیش ئەو هەماهەنگییەی لە نێوان پەرلەمان و حكوومەتدا هەیە، بەردەوامیی پێ بدرێت، تا بتوانرێت باشتر چاكسازی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت.
پرۆژەیاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان، لە 16-01-2020 لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە و دواتر لە رۆژی 03-02-2020 لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەر كرا و لە 1ی مانگی تەمموزی پارساڵیش، حكوومەتی هەرێمی كوردستان یەكەمین راپۆرتی چاكسازیی دایە پەرلەمانی كوردستان.