دانەگاز: تاوەکو نیسانی 2023 بەرهەمی گازی کۆرمۆر له ههرێمى كوردستان دەگاتە 690 ملیۆن پێ سێجا
بەپێی راگەیێندراوێکی هاوبەشی دانەگاز و نەوتی هیلال، بەتەواوەتی دەست بە فراوانکردنی پرۆژەی وێستگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، کە کۆمپانیاکان پێکەوە بەناوی کۆنسۆتیۆمی (پێرڵ پترۆڵیۆم)ەوە سەرپەرشتیی دەکەن. سەرۆکی جێبەجێکاری نەوتی هیلال و سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی داناگازیش رایگەیاند، پرۆژەکە “بۆ وەبەرهێنانی 600 ملیۆن دۆلار و زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز بە رێژەی 60%ـە لە دوو ساڵی داهاتوودا”.
بەپێی راگەیێندراوە هاوبەشەکە، لە نیسانی 2023دا بەرهەمهێنانی 440 ملیۆن پێ سێجای رۆژانەی غاز دەگاتە 690 ملیۆن پێ سێجا، ئاماژە بەوەش کراوە “پرۆژەی فراوانکردنی KM250 پێویستی بە وەبەرهێنانی 600 ملیۆن دۆلاری دیکەیە بۆ زیادکردنی بەرهەمی رۆژانە بە بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا کە لە ئێستادا زۆر پێویستە بۆ وێستگەکانی کارەبا”.
کارکردن لە پرۆژەکەدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ماوەی یەک ساڵ بوو وەستابوو، بەڵام ئێستا پرۆژەکە بەکارخراوەتەوە بە ئامانجی گەیشتن بە ئامانجی پلان بۆ داڕێژراو لە نیسانی 2023، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، ئەمەش “دوای رێککەوتن بووە لەگەڵ هەریەکە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڵێندەرەکە بۆ هەڵگرتنی هێزی زاڵ”.
بەپێی گرێبەستێکی فرۆشتنی غاز کە لە ئازاری 2019 مۆرکرا، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێرڵ پترۆڵیۆم هەڵدەستێت بە دابینکردنی غازی زیاتر بۆ ئیشپێکردنی کارەبا بە سووتەمەنییەک کە نرخەکەی هەرزانە و لەڕووی ژینگەشەوە خاوێنترە، دەبێتە هۆی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەباش. لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەی دانەغاز و نەوتی هیلالدا هاتووە “ئێستا زیاتر لە 80%ی کارەبای هەرێمی کوردستان بەو غازە کاردەکات کە لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەوە بەرهەمدەهێنرێت”.
راگەیێندراوەکە تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو، دوای پرۆژەی هێڵی KM250 پلان هەیە بۆ زیادکردنی هێڵێکی دیکەی KM500 و ئەمەش ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە دەگەیێنێتە یەک ملیار پێ سێجا لە ساڵی 2024دا، ئاماژەی بەوەش کردووە “ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە وێستگەی کۆرمۆر 440 ملیۆن پێ سێجایە لە رۆژێکدا، لەگەڵ 15 هەزار و 700 بەرمیل کۆندێسەیت لە رۆژێکدا، هەروەها رۆژانە هەزار و 20 تۆن گازی شل بەرهەمدەهێندرێت لەو وێستگەیە. بەگشتی رۆژانە 110 هەزار و 400 بەرمیل هاوتای نەوت بەرهەمدەهێندرێت، ئەمەش گەورەترین وەبەرهێنانی کەرتی تایبەتە لە پرۆژەی گاز لە عێراق”.
دانەگاز و نەوتی هیلال لەو راگەیێندراوەدا دەشڵێن، تاوەکو ئێستا دوو ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان کردووە لە کێڵگەی کۆرمۆر و “تاوەکو ئەمڕۆ 332 ملیۆن بەرمیل هاوتای نەوت بەرهەمهاتووە کە ئەمەش بودجەیەکی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان پاشەکەوت کردووە، سەرەڕای چەندین سوودی ئابووریی گەورە”.
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لە سایەی پرۆژەکەوە توانراوە رێگە لە بڵاوبوونەوەی 43 ملیۆن تۆن گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بگیرێت لەڕێگەی گۆڕینی سووتەمەنیی شل بۆ گازی وشک، ئەوەش بە بەشداریکردنێکی کارا لە کەمکردنەوەی گۆڕانکاری لە کەشوهەوا و کەمکردنەوەی رێژەی پیسبوونی هەوا لە هەرێمی کوردستان ناودەبات.
مەجید جەعفەر، سەرۆکی جێبەجێکاری نەوتی هیلال و سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی دانەگاز دەڵێت “پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دواکەوتن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، خۆشحاڵین بە دووبارە دەستپێکردنەوەی پرۆژەی فراوانکردنی KM250 بۆ وەبەرهێنانی 600 ملیۆن دۆلار و زیادکردنی بەرهەمهێنانی گاز بە رێژەی 60% لە دوو ساڵی داهاتوودا کە ئەمەش زیاتر پاڵپشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکات لە هەرێمی کوردستان”.
د. پاتریک ئەڵمان وارد، سەرۆکی جێبەجێکاری دانەگاز رایگەیاندووە، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە پێرڵ پترۆڵیۆم خۆشحاڵن بەوەی کە دەتوانن وەبەرهێنانی زیاتر بکەن لە کەرتی گازی هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی سووتەمەنییەکی پاکتر و متمانەپێکراو و پاڵپشتیکردنی گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت “وەرگرتنی شایستە داراییەکانمان لە کاتی خۆیدا و بە شێوەیەکی بەردەوام، زیاتر متمانەمان پێدەبەخشێت بۆ بەردەوامیدان بە وەبەرهێنان کە ئێستا پێدەنێتە قۆناخی دووەمی فراوانکردنی کۆرمۆر، کە لەژێر پرۆتۆکۆلی تووندی تەندروستی جێبەجێ دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی کارمەندان و دابینکارانی خزمەتگوزاری”.
س: رووداو