لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: عێراق بە مەبەستی سیاسی ئامادە نییە پێشمەرگە و سوپا پێکەوە کاربکەن

نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت کە عێراق بە مەبەستی سیاسی ئامادە نییە پێشمەرگە و سوپا پێکەوە کاری هاوبەش بکەن و بۆشایی ئەمنیی نێوانیان پڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی رێگە لە جموجووڵی چەکدارانی داعش بگرن.
 
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق  راگەیاند: “چەکدارانی داعش زیاتر لە ناوچەکانی نێوان دیالە، کفری و کەرکووکدا جموجووڵیان زۆرە، ئەوەیش لەبەر بۆشایی ئەمنی لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندایە کە تاوەکو ئێستا ئەو لیژنە هاوبەشانەی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا دروستکراون نەیانتوانیوە وەکو پێویست کارەکانیان بکەن. حکومەتی عێراق ئامادە نەبووە کە رێگە بدات هێزە هاوبەشەکان کارەکانیان بکەن کە ئەوەیش زیاتر مەبەستێکی سیاسیی لە پشتە.”
بە هۆی جموجووڵی چەکدارانی داعش لە سنووری کەرکووک چەندین گوندی کوردی چۆڵ بوون و تاوەکو دێت مەترسیی چۆڵکردنی گوندە کوردنشینەکان زیاتر دەبێت.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتی: “ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە سنووری کەرکووک و دیالە و ناوچەکانی لای مەخمووردا هەیە هۆکاری سەرەکییە بۆ بەردەوامبوون و زیادبوونی جموجووڵەکانی داعش. هەروەها هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی نەیانتوانیوە وەکو پێویست ئەو شوێنانە کۆنترۆڵ بکەن. تاوەکو هاوئاهەنگی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا نەبێت ئەو بۆشاییانە پڕ نابنەوە و ناتوانن رێگە لەو جموجووڵانەی داعش بگرن.”
لە ساڵی 2014ـەوە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی یارمەتیی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دەدات. بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2017دا تەواوی خاکی ژێر دەسەڵاتی داعش کۆنترۆڵ کرایەوە، بەڵام چەکدارانی ئەو رێکخراوە هێشتا لە چەند ناوچەیەکدا جموجووڵیان هەیە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە بەشێک لە ناوچە دابڕێنراوەکان دەگاتە 40 کیلۆمەتر.
بەپێی ئەو ئاماری وەزارەتی پێشمەرگە لە سێ ساڵی رابردوودا تەنیا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان داعش 970 هێرشی کردووە کە بەم شێوەیەیە:
ساڵی 2018 : 456 هێرش کە بووەتە هۆی کوژران، برینداربوون و رفاندنی 1742 کەس.
ساڵی 2019: 270 هێرش کە بووەتە هۆی کوژران، برینداربوون و رفاندنی 1260 کەس.
ساڵی 2020: 230 هێرش کە بووەتە هۆی کوژران، برینداربوون و رفاندنی  812 کەس.
مانگی 1ی ئەمساڵی 2021: نزیکەی 14 هێرش و 150 کوژراو و بریندار.
هاوکات ساڵی 2020 و تاوەکو مانگی شووباتی ئەمساڵ فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان 83 جار بنکە و بارەگاکانی داعشیان لە سنووری مەخموور و چیای قەرەچووخ بۆردوومان کردووە، لە بۆردوومانەکاندا 156 چەکداری داعش کوژراون.

 

س: رادیۆی رووداو

Back to top button