هەلۆ ئیبراهیم ئەحمەد :چەند نهێنیەك لەسەر مافیاكانی نۆكان و دلێری سەید مەجید لەزۆنی سەوز ئاشكرا دەكات
خواكوڕك
ناشەشفافی مەلەفی دارایی وەك لە راگەێنراوەكەی ناوەندی بڕیاردا هات, تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت بەیەكێك لە كێشەگەورەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا دادەنرێت, چونكە جگە لە گروپێكی قۆرغكار تەنانەت بەشێكی زۆری ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە نازانن داهاتی حزبەكەیان چەندەو چۆن خەرج دەكرێت, برایەكی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە وتارێكیدا لە بارەی كۆمپانیای نۆكانی یەكێتی دەنوسێت كە راستەوخۆ لە لایەن خوشكیەوە سەرپەرشتی دەكرێت و دەڵێت:” نۆكان، دەسەڵاتێكی ڕەهای هەیە, لە هەموو یاسایەك بەدەرە، هەروەها خاوەنی هەزاران دۆنم زەویە كە بەنرخێكی یەكجار كەم، یاخوود بێ بەرامبەر دەستی كەوتووە”
هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد برای هێرۆ ئیبراهیم لە وتارێكیدا باسە لە كێشە ناوخۆیەكانی یەكێتیو كۆمپانیای نۆكانی یەكێتی دەكات و دەنوسێت:” لە بەر ئەوەی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانیش بەو هەموو دەسەڵاتە سیاسی و ئابووریەوە كە لە ناوچەی خۆیدا هەیەتی، تاوانی بەشێكی ئەم وەزعەی ئەكەوێتە ئەستۆ: یەكەم، ئیفلیجبوونی ناوەندێ بڕیار لە ناو یەكێیتیدا، كە مەكتەبی سیاسیە. دووەم، دەستگرتنی باڵی دارایی یەكێیتی، كە نۆكانە، بەسەر زۆربەی جەمكەكانی ئابووری، بازرگانی، ووزە، هتد لە زۆنی ڕەنگاوڕەنگدا. سێیەم، قۆرخكردنی هەندێك بواری ئابووری ناوچەكە لەلایەن ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێیتیەوە. لێرەدا ئەمەوێت تەنها باسی نۆكان بكەم.
هەروەها هەڵۆ ئیبراهیم باس لە چیرۆكێك دەكات و دەلێت:” چەند ساڵێك لەمەوبەر، سەردانی خوالێخۆشبوو د. كەمال فوادم كرد، كە یەكێك بوو لەو كەسایەتیە دەگمەنانەی زۆر بوێر و دەستپاك و خاوەن هەڵوێست بوون لە ناو م.س.ی یەكێیەتیدا. كاك كەمال چەند مانگێك بوو بەرپرسیاریەتی دۆسییەی نۆكانی پێ درابوو. لێم پرسی: “كاك كەمال، زانیاریم هەیە كە نۆكان گەندەڵیەكی زۆری تێدایە، هیچت بەرچاو كەوتووە؟”. كاك كەمال هەناسەیەكی قووڵی هەڵكێشا و ووتی:” باوەڕكە ئەگەر ساڵێكی كەش خەریكی فایەلەكانی دلێری سەید مەجید بم، هێشتا سەری لێ دەرناكەم!”
هەروەها براكەی هێرۆ لە بارەی كۆمپانیایی نۆكان دەنوسێت:” نۆكان، كە دەسەڵاتێكی ڕەهای هەیە لەم ناوچەیەدا وە لە هەموو یاسایەك بەدەرە، ملیاردەها دۆلاری كۆ كردۆتەوە لە پرۆژەی خانوو، كشتووكال، بازرگانی جگەرە، وەرگرتنی تەندەری حكومەت، ووزە، …هتد، هەروەها خاوەنی هەزاران دۆنم زەویە كە بەنرخێكی یەكجار كەم، یاخوود بێ بەرابمەر دەستی كەوتووە.
بیرۆكەی دامەزراندنی نۆكان ئەوەبووە كە بتوانی هێزی پێشمەرگە، خانوادەی شەهیدان ودامودەستگاكانی یەكیێتی بژیێنێ، بەڵام ئەوەتا ئەبینین ئەم لایەنانە حاڵیان چۆنە لەم بارودەخەدا. سەرەڕای ئەو هەموو دەسەڵات و پارەیە، تا ئێستا نۆكان بیری لە یەك پرۆژەش نەكردۆتەوە كە بۆ بەرژەوەندی خەڵكی دەڤەری دەسەڵاتی یەكێیتی سوودێكی هەبێت، تەنها و تەنها بیری لە سەركووتكردنی بازاری كراوەو بازرگانی ئازاد كردۆتەوە بۆ بەرژەوەندی تەسكی خۆی.
دەشلێت:” نۆكان هۆكاری یەكێكە لە گەورەترین كێشەكانی ناو یەكێیتی؛ هەموو باڵەكانی یەكێیتی ئەزانن سەرچاوەی دارایی لای كێیە، بەڵام كەس جورئەت ناكات ناوی بهێنی! دواتر یەكتر تۆمەتبار ئەكەن بەوەی لایەنێك دەستی بەسەر سەروەتوسامانی یەكێیتیدا گرتووە. هۆكاری ئەوەش كە كەس ناوێرێ ناوی دلێری سەید مەجید بهێنێ ئەوەیە كە ناوبراو ئەتوانێ بوودجەی ئەو كەس و لایەنانە ببڕێ. زۆر جار رووی داوە كە دلێر مووچە، نەسریە یان پارەی سەفەری ئەندامێكی سەركردایەتی بڕیوە لەبەر هۆكارێكی سیاسی یان شەخسی.
لە درێژەی وتارەكەی هەلۆ ئیبراهیم دەنوسێت:” لە كاتێكدا كە سەركردایەتی یەكێیتی سەرقاڵی باڵباڵێنن، نزیكەی ٧٠٪ ی موڵكی نۆكان لەسەر دلێر و كەسانی دەوروبەری تاپۆ كراون. نۆكان تەنها لە بریتانیا زیاد لە ١٠٠ ملیون دۆلاری داوە بە باڵەخانە و موڵك، ئەویش لەسەر خەڵكانی نزیكی دلێر تاپۆ كراون.
ئەو مافیایەی نۆكان كە دلێری سەید مەجید ڕابەرایەتیان ئەكات، مووچەیەكی ئاساییان هەبوو كە دەستیان بەكار كرد، بەڵام ئەمرۆ ئەو كەسانە بێزیان نایەت بە ملیۆنەها دۆلار بڵێن پارە (بۆ نمونە شێخ ئەحمەدی نۆكان). بۆچی ئەبێ منێكی هیچكارە ئەم هەموو ڕاستیانە بزانم، بەڵام مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك. لە گوێی گایا نووستبێت؟
یەكێك لە پرۆژەكانی نۆكان، پاڵاوگەی بازیانە، كە دلێر لە ٤٩٪ی فرۆشتوە بە كۆمپانیای قەیوان. ئەم پاڵاوگەیە رۆژانە نزیكەی ٦٠٠ هەزار لیتر نەوتی سپی (كیرۆسین) بەرهەم دێنێت، جگەلە بەرهەمی تر. بەڵام، لەبەر ئەوەی نۆكان و قەیوان قەرزێكی چەند سەد ملیۆنیان داوە بە وەزارەتەكەی ئاشتی هەورامی (بۆ؟؟) ئێستا نەوت وەرئەگرن لە جیاتی ئەو قەرزە، ئەیپاڵێون، ئەیفرۆشن و قازانجەكەی ئەچێتە گیرفانی نۆكان و قەیوانەوە! كە نەوتی سپی و گازۆیل و بەنزین هەیە لە بازیان، وە لەژێر دەسەڵاتی خۆتاندایە، عەیب نیە سواڵ ئەكەن لە بەغدا و ئێران؟
لە كۆتای وتارەكەی براكەی هێرۆ ئیبراهیم دەلێت:” باشە چی رووئەدات ئەگەر نەوتی بازیان كە موڵكی خەڵكە، لەم باروودۆخە ئابووریە وێرانەدا، بۆ چەند مانگێكیش بێت بە بێ بەرامبەر بدرێتەوە بە خەڵك؟ بۆچی بەنزین و گازۆیلەكەی نۆكان بە بی قازانج نافرۆشنەوە بە خەڵك؟ ئەگەر ئەوەشتان بەلاوە زۆرە، لانی كەم بەبێ بەرامبەر بیدەن بە بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگەكانی یەكێیتی. ئایا ئەوەندە زەحمەتە بۆتان لە نێوان خەڵك و جەردەكانی نۆكاندا هەڵبژێرن؟
چاودێرێكی سیاسیش دەلێت:” وتارەكەی هەلۆ ئیبراهیم ئەحمەد بۆ شاردنەوەی تاوانەكانی هێرۆی خوشكیەتی كە بە بەڵگەی راگەیێنراوەكەی ناوەندی بڕیار دەستی بەسەر داهاتی یەكێتی داگرتووە بە ئارەزووی خۆی تەخشان و پەخشانی دەكات, وە ئەم وتارە دوو رەهەندی هەیە لەم تەوقیتەدا تەنها بۆ ئەوەیە پێمان بلێت دارایی یەكێتی لە ژێر دەستی هێرۆی خوشكی نیە وە بۆ لادانی فۆكسی سەر باڵی دەسترۆیشتووە كە دارای لە ژێر كۆنترۆڵ نیە