ئانۆ جەوهەر: ده‌مانه‌وێت له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا كێشه‌ی موڵك و ناكۆكی موڵكداری كریستیانه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئانۆ جه‌وهه‌ر، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، هه‌ر كریستیانێك زێده‌ڕۆیی كراوه‌ته‌ سه‌ر موڵك و ماڵی پێویسته‌ له‌ ماوه‌ی 60 رۆژدا سكاڵا تۆمار بكات و كێشه‌كه‌ی به‌ یاسا بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.

ئه‌مڕۆ وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن له‌گه‌ڵ وه‌زیری ناوخۆ رێبه‌ر ئه‌حمه‌د كۆبوه‌وه‌. دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئانۆ جه‌وهه‌ر كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی به‌ڕێوه‌برد و تێیدا گوتی: ده‌مانه‌وێت له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا كێشه‌ی موڵك و ناكۆكی موڵكداری كریستیانه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

ئانۆ جه‌وهه‌ر روونی نه‌كرده‌وه‌، به‌ ده‌ستنیشانكراوی كامه‌ موڵك و له‌ كوێ زێده‌ڕۆییان كراوه‌ته‌ سه‌ر و گوتی: من نازانم كامه‌ موڵكه‌، به‌ڵام ده‌رفه‌تی 60 رۆژ ده‌ده‌ین به‌ هه‌ر كه‌سێك سكاڵای هه‌یه‌ و قه‌ره‌بوو نه‌كراوه‌ته‌وه‌ بێت سكاڵای تۆمار بكات.

گوتیشی: دوای ئه‌و واده‌یه‌ لیژنه‌ی لاوه‌كی له‌ ئاستی پارێزگا و قه‌زا و ناحییه‌ درووست ده‌كرێت و به‌ دواداچوون بۆ كێشه‌كان ده‌كه‌ن و راپۆرتی خۆیان ده‌خه‌نه‌ به‌ر ده‌ست لیژنه‌ی باڵا و له‌ رێی دادگا و له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا ئه‌و كێشانه‌ یه‌كلا ده‌كرێنه‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و پرسه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ناكۆكی سیاسی و ئاینییه‌وه‌ نییه‌ و كێشه‌ی موڵكدارییه‌ و هاووڵاتیان له‌ ناو خۆیاندا ناكۆكیان له‌ باره‌ی زه‌وی و زار هه‌یه‌. پێویسته‌ ئه‌م كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، چونكه‌ به‌ شێك له‌ كریستیانه‌كان زه‌وی و زاریان به‌ هۆی شۆڕشه‌وه‌ له‌ده‌ست داوه‌ یان كۆچیان كردووه‌ و دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، به‌ پێویستی ده‌زانین ماف بۆ خاوه‌ن ماف بگه‌ڕێته‌وه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه‌ پێویستی به‌ یاسا هه‌بێت، لیژنه‌ی باڵا بۆی هه‌یه‌ پڕۆژه‌یاسایه‌ك گه‌لاڵه‌ بكات و له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران تاوتوێ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پێویستی كرد، یاسایه‌ك بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌ربچێت.

 

 

Back to top button