حکومەتی هەرێم : گۆڕانكاریی لە ١٩ پۆستی لە وەزارەتی پێشمەرگهدا دهكات
وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، گۆڕانكاری لە كۆمەڵێك پۆست لە وەزارەتی پێشمەرگەدا دەکرێت، لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیدایە و بۆ باشتركردنی كاروباری دیوانی وەزارەتی پێشمەرگەیە، كە ئەوانەی ھاتوون كەسانی شارەزا و ئەكادیمی و دەرچووی كۆلێژی سەربازین.
عەمید عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندووە، ئەو گۆڕانكاریانەی لە وەزارەتی پێشمەرگە كراون، لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیدایە و قۆناغی یەكەمیش ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی وەزارەتی پێشمەرگەیە، كە بەشێك لەوانەی رۆیشتوون، كاتی خانەنشینییان ھاتبوو و بە رێز و تەقیدیرەوە بەڕێ كران، ھەندێك برادەریش لە شوێنی ئەوان دانران و ئەوانەی دیكەش كە شوێنیان گرتوونەتەوە، دەرچووی كۆلیژی سەربازی و ئەكادیمین و شارەزان لە چاكتركردن و باشتر راپەڕاندنی كاروباری ناو دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە.
بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر ئاشکرای دەکات، ١٩پۆست گۆڕانكارییان تێدا كراوە، كە ٣٧ كەس بوون و ئاڵوگۆڕ كراون، پلان ھەیە كە گۆڕانكاریی دیكەش بكرێت و قۆناغی دیكە بەڕێوەیە، بەڵام لە ئێستادا تەنها گۆڕانكاری لەو چەند پۆستەدا كراوە.