بەردی بناخەی پرۆژەی ئەندەرپاسی سێمێل بە گوژمەی زیاتر لە 4 ملیار دینار دانرا
ئەمڕۆ سێشەممە، لە رێورەسمێکدا دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنى حكومهتى ههرێمى كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی ئەندەرپاسی سێمێل-ی لە قەزای سێمێلی سەر بە پارێزگای دھۆک بە گوژمەی زیاتر لە 4 ملیار دینار دانا.
لە رێورەسمەکەدا کە پارێزگاری دھۆک و بریکاری وەزیر و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و راوێژکارانی وەزارەت و بەرپرسانی حکومی ئامادەی بون، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە وتەیەکدا رایگەیاند؛ ئەمڕۆ بە خۆشحاڵیەوە لە پارێزگای دھۆکین لە قەزای سێمێل بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی گرنگ ئەویش دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی ئەندەرپاسی سێمێلە، کە پڕۆژەیەکە خزمەت بەھاوڵاتیانی سنورەکەو ئەو کەسانە دەکات کە ئەم رێگایە بەکاردەھێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کابینەی نۆیەم بەڵێنیداوە لەماوەی تەمەنی ئەم کابینەیەداو سەرەڕای قەیرانی دارایی، لەسەر بەرنامەیەکی چاکسازی بەردەوامی بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بدات بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیان، لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بەردەوامە لە ئەنجامدانی پڕۆژەکانی لەسەرجەم ناوچەکان بێ جیاوازی، چونکە ھاوڵاتیان شایستەی خزمەتی زیاترن.
پڕۆژەکە دەکەوێتە سەر رێگای گشتی دھۆک-سێمێل و بەگوژمەی (٤،٢١٩،١٥٧،٠٠٠) دینار لەسەر بودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن جێبەجێ دەکرێت، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی دھۆکەوە سەرپەرشتی دەکرێت و ماوەی تەواوکردنی پڕۆژەکە ٥٠٠ رۆژە.