عێراق سه‌رجه‌م گەشتە ئاسمانییەکانی له‌گه‌ڵ هیندستان راگرت

دواى ئه‌وه‌ی جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ وڵاتی هیندستان سه‌ری هه‌ڵدا كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ سه‌دان هه‌زار كه‌س تووشی كۆرۆنا بوون و ڤایرۆسه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی خێراتر بڵاو بویه‌وه‌، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، سەرجەم گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکان لە عێراقەوە بۆ وڵاتی ھیندستان رادەگیرین.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە “کۆمپانیای گشتی ھێڵی ئاسمانیی عێراق لە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٠٢١/٤/٢٧ سەرجەم گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی بۆ وڵاتی ھیندستان تاوەکو کاتێکی نادیار راگرت“.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە بڕیاری ھەڵوەشانەوە و راگرتنی گەشتەکان بۆ وڵاتی ھیندستان لەسەر بنەمای رێنمایی ئەنجوومەنی وەزیران/دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی بووە کە بەھۆی مەترسیی دۆخی کۆرۆنا لەو وڵاتە و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بۆ عێراق دەرکراوە.

جەخت لەوەشکراوەتەوە کە ھێڵی ئاسمانیی عێراقی پابەندە بە سەرجەم ئەو بڕیارانەی لە لایەنی باڵاوە دەردەچێت و لەکاتی دەرکردنی ھەر بڕیارێکی نوێ ئەوە لەپێگەی فەرمی وەزارەتی گواستنەوە و ھێڵی ئاسمانی عێراقی ھەموولایەک ئاگادار دەکەنەوە.

Back to top button