لە هەولێر دوو کابینەی پزیشکیی بۆ پشکنینی کۆرۆنا بەبێ بەرامبەر بۆ هاووڵاتییان کرایەوە

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێككاره‌كانی پێشگرتنی له‌ ته‌شه‌نه‌ی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا گرته‌به‌ر، ئه‌مڕۆ بەئامادەبوونی پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو و وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی حکوومی، دوو کابینەی پزیشکیی بۆ پشکنینی کۆرۆنا لە ھەریەک لە پارکی باخی شار لە ناوەڕاستی شار و پارکی سامی ‌عەبدولڕەحمان کرایەوە، کە تیایدا پشکنینی کۆرۆنا بەبێ بەرامبەر بۆ ھاووڵاتییان ئەنجامدرێت.

 

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە پارێزگای هەولێر بڵاوکراوەتەوە، پشکنینەکە لە لایەن دەستەیەک لە کارمەندی راھێنراوی تاقیگەی و پزیشکی تایبەتەوە دەکرێت و لە ئەمڕۆ سێشەممەوە پشکنین بۆ ھاووڵاتییان دەستی پێکردووە و ھەر ھاووڵاتییەک یان گەشتیارێک دەتوانێت سەردانی ئەو کابینە پزیشکیانە بکات و بەبێ بەرامبەر پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامبدات.

 

جێگەی باسە، لە رێگای ئەم دوو کابینەیەوە رۆژانە دەتوانرێت ھەزار تا دوو ھەزار پشکنین ئەنجامبدرێت و ھاووڵاتییان تەنھا بە پێشکەشکردنی ناسنامەیەک و ژمارەیەکی مۆبایلەکەی پشکنینیان بۆ دەکرێت و ئەنجامەکەیشی لە رێگەی سەنتەری داتا و زانیاری سەربە وەزارەتی تەندروستیی وەردەگرێتەوە.

Back to top button