سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌

دواى ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوو نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌و دواتریش له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی سیاسی و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كۆبووه‌وه‌، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانیش كۆبووه‌و له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگیی نێوان سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.

ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ 27-04-2021 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی‌ هه‌رێمی کوردستان پێشوازیی له‌ رێواز فایه‌ق، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان کرد.

له‌ کۆبوونه‌وه‌ی نێوانیاندا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دۆخی هه‌رێمی کوردستان و پرۆسه‌ی سیاسی و پێویستیی یه‌کڕیزی و ته‌بایی بۆ تێپه‌ڕاندنی سه‌ختی و قه‌یرانه‌کانیان تاوتوێ کرد، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیی هاریکاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان سه‌رۆکایه‌تییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان کردەوە.

دۆخی عێراق به‌گشتی، په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر – به‌غدا و گفتوگۆی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانیان و‌ چه‌ند پرسێکی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، چەند تەوەرێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌‌ بوون.

 

Back to top button