حکوومەتى هەرێم بڕی زياتر له‌ 24 ملیار دينارى بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سلێمانی تەرخان کرد

حکوومەتى هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی 22 پڕۆژەی خزمەتگوزاری و جێبەجێکردنی چوار پڕۆژە لە شارى سلێمانی بڕی  24 ملیارو 318 ملیۆن دیناری تەرخان کرد.

له‌ راگه‌ێندراوێكدا د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە په‌یجی فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (فەیسبووك)، رايگه‌ياند، ڕەزامەندیی خەرجکردنی نەختینەی هەموو ئەو بڕە بودجە دیاریکراوانەی ڕەزامەندییان لەسەر درابوو، پەسەندکرا.

له‌ راگه‌يێندراوه‌كه‌دا پارێزگارى سلێمانى ده‌شلێت: “کۆبوونەوەی بەڕێزان سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی دیوان لەگەڵ پارێزگاری سلێمانیدا، بە بەشداریی و پشتیوانیی وەزارەتەکانی پلاندانان و دارایی و فەرمانگاکانی سەرۆکایەتیی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی تر، ڕەزامەندیی درا، لەسەر خەرجکردنی بڕی 24 ملیارو 318 ملیۆن دینار بۆ تەواوکردنی (22) پڕۆژەی خزمەتگوزاریی پێویست و جێبەجێکردنی (4) پڕۆژەی ستراتیژیی نوێ بۆ سنووری یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی”.

هەڤاڵ ئەبوبەکر زياتر ده‌شلێ: ئەمه‌ هەنگاوێکی گرنگ و شایستەیە بە ئاڕاستەی دەستپێکردنەوەی پڕۆژە وەستاوەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی نوێ لە پێناوی خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و دروستکردنی دەرفەتی کارو بوژانەوە لە هەموو ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستاندا، سوپاسی هەموو ئەو ئەو بەڕێزانە دەکەین کە پشتیوانی داخوازییەکانی پارێزگای سلێمانی بوون.

 

 

Back to top button