سه‌رۆك بارزانى :ئێستاش گه‌لی كوردستان، نه‌گه‌یشتووه‌ به‌ هه‌موو ئامانجه‌كانی، هێشتا مه‌ترسی زۆر گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان

سه‌رۆك بارزانی، به‌شداری له‌ ئیڤێنتێكی تایبه‌ت به‌ 30یه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام به‌ گوێره‌ی بڕیاری 986 كرد، كه‌ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ واشنتن رێكی خستبوو.

 

سه‌رۆك بارزانی له‌ به‌شێكى قسه‌كانيدا له‌ كاتى ئيڤێنته‌كه‌دا رایگه‌یاند، به‌ درێژایی مێژوو سته‌مێكی زۆر له‌ گه‌لی كوردستان كراوه‌، به‌ڵام له‌ ساڵانی سه‌رده‌می رژێمی به‌عس، كاره‌ساتی گه‌وره‌ به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا هات، وه‌ك ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژی و كیمیاییباران. ئه‌وه‌ بوو بڕیاری 688 بۆ دابینكردنی ناوچه‌ی ئارام، ده‌رفه‌تێكی زێڕینی ره‌خساند بۆ گه‌لی كوردستان و ئه‌و مه‌ترسیانه‌ تا ئاستێكی زۆر نه‌مان و خه‌ڵك گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان.

 

دەقی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی له‌ ئیڤێنتى تایبه‌ت به‌ 30یه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام :.
سڵاو و رێزم بۆ بەشداربووان و بینەرانی بەڕێز، زۆر خۆشحاڵم کە بەشدار دەبم لە یادکردنەوەی سییەمین ساڵیادی دامەزراندنی ناوچەی ئارام، کە ئەمە یادکردنەوەی رووداوێکی زۆر گرنگ و گەورەیە لە مێژوودا.
ئەوسا گەلی کوردستان تووشی کارەساتێکی گەورە هاتبوو، کۆچڕەوی ملیۆنی بوو، هەموو خەڵکی کوردستان رووی لە سنوورەکانی ئێران و تورکیا کردبوو، چونکە رژێمی عێراق دوای تێکشکانی لە کوێت، بە داخەوە سوودی لە چەند کەلێنێک وەرگرت لە رێککەوتنی سەفوان، پاشماوەی سوپاکەی بۆ سەرکوتکردنی راپەڕینی خەڵکی باشوور بەکارهێنا و 3 فیرقەی پاسەوانی کۆماریشی هێنابووە کوردستان.
ئەوکاتە خەڵکی کوردستان ترسی ئەوەیان هەبوو جارێکی دیکە ئەنفال و کیمیاباران بکرێنەوە، هەموویان کۆچیان کردو روویان کردە سنوورەکانی ئێران و تورکیا، پێشمەرگەش نە هێزێکی وا گەورەی هەبوو لەو کاتەدا، نە چەکێکی وای هەبوو، بەڵام قارەمانانە بەرگرییان کردو لە زۆر شوێن توانیان پێشڕەوی سوپای عێراقی بووەستێنن.
بە درێژاریی مێژوو ستەمێکی زۆر لە گەلی کوردستان کراوە، بەڵام لە ساڵانی دوای رژێمی بەعس، حوکمی رژێمی بەعس، کارەساتی گەورە بەسەر گەلی کوردستاندا هات. وەکو ئەنفال، کۆمەڵکوژی و کیمیاباران.
ئەوەبوو بڕیاری 688، بڕیاری دابینکردنی ناوچەی ئارام دەرفەتێکی زێڕینی رەخساند بۆ گەلی کوردستان، ئەو مەترسیانەش تا راددەیەکی زۆر نەمان و خەڵکەکەش گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
لێرەدا دەمەوێت ئەوە بە بیر جەنابی جەیمس بەیکەر، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بهێنمەوە، کە لە هاوینی ساڵی 1992، کە ئەوکات وەکو شاندی ئۆپۆزسیۆن چووینە واشنتن و لە وەزارەتی دەرەوە پێشوازی لێکردین، باسی هەستی خۆی کرد لەوکاتەی سەردانی ئاوارەکانی کردبوو لە سنووری تورکیا و گوتی ئەو دیمەنانەی بینیم هەتا ماوم لە بیرم ناچێت، ئەوەندە دڵتەزێن بوون، چاوەڕێم نەکرد تاوەکو بگەمەوە شوێنی خۆم، هەر لەناو فڕۆکە پەیوەندیم بە سەرۆک بوشەوە کرد و داوام لێکرد هەرچی زووە کارێک بکرێت بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بگەڕێنەوە بۆ سەر جێگای خۆیان و پارێزراو بن.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی سەرۆک بوش و سەرۆک میتەران و مەدام میتران و سەرۆک ئۆزال و سەرۆکوەزیران جۆن مێجەر بکەم بۆ ئەو هەڵوێستەیان و ئە بڕیارە بوێرەیان، کە دوای ئەوە گەلی کوردستان توانی ئیدارەی خۆی بکات و دامودەزگای شەرعی دابمەزرێنێت و هەڵبژاردن بکات و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی دامەزراند و کوردستان بوو بە پەناگەیەک بۆ هەموو لێقەوماوان و تێکۆشەرانی عێراقی.
هەروەها بە پێویستی دەزانم سوپاسی جەنەراڵ گارنەر و ئەو ئەفسەرانە بکەم کە ئەوکات لەگەڵی بوون، لەوانە جەنەراڵ جێم جۆنس، جەنەراڵ جۆن ئەبی زێد، کۆلۆنێل ناپ و هەموو ئەو ئەفسەرانەی وڵاتانی دیکە کە هاوپەیمان بوون و هاتن ناوچەی ئارامیان دامەزراند.
ئێستاش گەلی کوردستان نەگەیشتووە بە هەموو ئامانجەکانی و قۆناخی کۆتایی، هێشتا مەترسی زۆر گەورە هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، داواکارم ئەو پشتیوانی و پشتگیرییە بەردەوامبێت. داواکاریشم پاراستنی خەڵکی کوردستان لە ئەولەویەتی ئێوەدابێت.
جارێکی دیکە زۆر سوپاس، سوپاسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمیش دەکەم بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە. سوپاس

 

Back to top button