سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆک کۆماری عێراق دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/4/29 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق کرد.

لەكۆبوونەوەیەكدا دوایین گۆڕانکاری وپێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان تاووتوێ كرا. جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای دەستوور کرایەوە .

لەو چوارچێویەدا پەسەندكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی 2021 ، بە هەنگاوێكی ئەرێنی دانرا کە پێویستە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە خزمەتی سەرجەم پێكهاتە و ناوچە جیاوازەكانی عێراق بكات و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیش ، بە زووترین کات بنێردرێت.

هەروەها ستایشی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا کە پێویستە هەموو لایەنەکان ، پشتیوان بن لە سەرخستنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتیی و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان .

لەتەوەرێكی دیکەی كۆبوونەوەكەدا ، گفتوگۆ دەربارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق کرا ، بە ئاراستەی زەمینەخۆشكردن لە بەردەم هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ، كە ماف و خواستی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق دەستەبەر بكات .

Back to top button