لە کۆبوونەوەى، نێچيرڤان بارزانى و د.به‌رهه‌م ساڵح، داکۆکی لە پێویستیی تێپەڕاندنی ناکۆکی و ململانێکان و گفتوگۆ و لێکگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا کرایەوە

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩\٤\٢٠٢١ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عیراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەڕێزان جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، دوا گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران، بەتایبەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و چۆنیەتیی زەمینەخۆشکردن لەبەردەم پرۆسەکەدا کە خزمەتی بەرژەوەندیی هاوبەشی گەل و هەموو پێکهاتەکانی عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بکات.

لە کۆبوونەوەکەدا داکۆکی لە پێویستیی تێپەڕاندنی ناکۆکی و ململانێکان و گفتوگۆ و لێکگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا کرایەوە و بەگرنگییەوە باس لە دوایین سەردانی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە عیراقییەکان کرا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی هێنانەدی یەکڕیزیی نیشتمانی و لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکان کرا بە ئاراستەی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و یەکخستنی هێز و تواناکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەر و پێشهاتەکان.

تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە بەگشتی تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، تیایدا جەخت لەوە کرایەوە کە ناسەقامگیریی دۆخی سیاسی و ئەمنی، خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی گەلانی ناوچەکە ناکات.

 

 

Back to top button