لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌باره‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ بڕيارى نوێ ى ده‌ركرد

 لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤايرۆسى كۆرۆنا له‌هه‌رێمى كوردستان ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێی ده‌ركردوده‌لێ ، قەدەغەی هاتووچۆ  لەته‌واوى پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان تا دواشەوی ڕەمەزان دەستپێدەکات و تا سێ ڕۆژی جەژن بەردەوام دەبێت.

لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤايرۆسى كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ هه‌ینی 30/4/2021 له‌باره‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌شت بڕيارى ده‌ركرد ، كه‌ بڕياره‌كان به‌مشێوه‌ى خواره‌وه‌يه‌:.

 

بڕیاره‌كانی به‌یانی ژماره‌ 17ی 2021ی لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤايرۆسى كۆرۆنا:.

یەكەم: كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و پەیمانگەکانی وەزارەتی پەروەردە لەپاش جەژنی رەمەزانی پیرۆز دوای هەڵسەنگانی بارودۆخی تەندروستی و راددەی كاریگەریی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

 

دووەم: راگرتنی هاتووچۆ لەتەواوی پارێزگاكانی (هەولێر و سلێمانی و دهوك و هەڵەبجە) و ئیدارە سەربەخۆكانی (راپەرین و گەرمیان) و، گشت یەكەكارگێڕییەكانیان لە كاتژمێر( 12:00)ـی شەوی كۆتاڕۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز تاوەکو كاتژمێر (12:00)ـی شەوی سێیەم رۆژی جەژن.

 

سێیەم: قەدەغەی گەشتكردن بۆ وڵاتی (هیندستان) بۆ هاووڵاتییانی عێراقی و قەدەغەی هاتن لە وڵاتی (هیندستان) بۆ كەسی بیانی لەڕێگەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان ئەوانەی لەدوای 20-04-2021 سەردانی ئەو وڵاتەیان كردووە، و ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی كە لە وڵاتی (هیندستان) دەگەڕێنەوە لەڕێگەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، پێویستە لە خاڵە سنوورییەكان جیابكرێنەوە و پشكنینی وردیان بۆ بكرێت لەلایەن تیمە پزیشكییەكانی وەزارەتی تەندروستی بەمەبەستی دڵنیابوون لە تووشنەبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەرەنتین دەكرێن بۆ ئەو ماوەیەی كە وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانی كردووە.

 

چوارەم: لیژنەی باڵای وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی راسپارد بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە دەركردنی رێنمایی تایبەت سەبارەت بە 10 رۆژی كۆتایی مانگی رەمەزانی پیرۆز و رێوڕەسمەكانی ئایینی لە مزگەوتەكان.

 

پێنجەم: یانە و كافتریا و رێستۆرانت و شوێنی یارییەكان نابێت خزمەتگوزاریی نێرگەلەكێشان پێشكێش بكەن و هەر شوێنێك پابەند نەبێت بۆ ماوەی (1) یەك هەفتە دادەخرێت و خاوەنەكەی بە بڕی (5.000.000) پێنج ملیۆن دینار پێبژاردنی پێ دەدرێت.

 

شەشەم: بەردەوامبوونی رێكارەكانی بەیانی ژمارە (15)ی ساڵی 2021 ماددەكانی (چوارەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم، نۆیەم، دەیەم، یانزدەیەم، دوانزدەیەم، سیانزدەیەم، چواردەیەم و پانزدەیەم).

 

حەوتەم: لە پاش مانگی رەمەزانی پیرۆز لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر چەند رێكارێكی خۆپارێزی و رێكخستن و داخستنی چەند شوێنی گشتی و تایبەت لەپێناو كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و درێژەدان بە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە.

 

هەشتەم: ئەم بەیانە لە 01-05-2021 كاژمێر (08:00)ی شەو جێبەجێ دەكرێت و لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاودەكرێتەوە.

Back to top button