په‌رله‌مانى كوردستان به‌توندى سەرکۆنەی پەلاماردانی سەنگەرەکانی هێزى پێشمەرگە دەکات
لە پەیامێکدا سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانى كوردستان ده‌لێ : به‌توندی ئیدانه‌ی پەلاماردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەى کوردستان لەلایەن دەستە چەپەڵەکانی داعشەوە له‌پردێ دەکەین.
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانى كوردستان لە به‌شێكى تر‌ى پەیامەکەيدا ده‌شلێ: “دووبارەبوونەوەی ئەوجۆرە هێرشانە، سه‌لمێنه‌رى ئەو راستییەیە کەهەرچی زووترە هەولێرو بەغدا لەسەر ئیدارەدانی ناوچە کوردستانییەکان رێکبکەون و چارەنووسی ئه‌و ناوچانه بەپێێ ماددەی 140ی دەستوور یەکلایی بکرێتەوە، هەروەک پێویستیی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان له‌هەرێمی کوردستان و عێراق و هاوکاریکردن و راهێنانی هێزی پێشمەرگە دووپات بووەوە بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بەهەڕەشەی تیرۆریستان و رێگەگرتن لەسەرهەڵدانەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و هاوبیرەکانیان کەهەمیشە هەڕەشەن بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و هەموو جیهان”.
دەقی پەیامەکەى سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان:
شەوی رابردوو جارێکی دیکە تاریکپەرستانی داعش لەمیحوەری پردێ هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەداخێکی زۆرەوە ژمارەیەک پێشمەرگە شەهیدو برینداربوون و هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش وەک هەمیشە ئازایەتی و قوربانیدانی خۆی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان لەهەر جۆرە دەستدرێژی و هێرشێک.
دووبارەبوونەوەی ئەوجۆرە هێرشانە، سه‌لمێنه‌رى ئەو راستییەیە کەهەرچی زووترە هەولێرو بەغدا لەسەر ئیدارەدانی ناوچە کوردستانییەکان رێکبکەون و چارەنووسی ئه‌و ناوچانه بەپێێ ماددەی 140ی دەستوور یەکلایی بکرێتەوە، هەروەک پێویستیی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان له‌هەرێمی کوردستان و عێراق و هاوکاریکردن و راهێنانی هێزی پێشمەرگە دووپات بووەوە بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بەهەڕەشەی تیرۆریستان و رێگەگرتن لەسەرهەڵدانەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و هاوبیرەکانیان کەهەمیشە هەڕەشەن بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و هەموو جیهان.
به‌ناوى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه به‌توندی ئیدانه‌ی پەلاماردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەى کوردستان لەلایەن دەستە چەپەڵەکانی داعشەوە له‌پردێ دەکەین و پرسەو سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەى کەسوکارى ئەو شەهیدانەمان دەکەین کەخۆیان کردە قوربانیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان
1ئايارى 2021