حکوومەتی عێراق هاوشێوەی رێکەوتنی شنگال نایەوێ رێکەوتنی ناوچە جێناکۆکەکان جێبەجێ بکات
دوای ئهوهی درەنگانێکی شەوی رابردوو چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەسنووری ناوچەکانی پردێ و داقوق و دووزخورماتوو ھێرشیانکردە سەر سهنگهرهكانی پێشمهرگه، فهرماندهی میحوهری رۆژئاوای كهركووكی پێشمهرگهش رایدهگهیێنێت، بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان بە ھۆکاری زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعشن.
نووری حەمە عەلی فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک له لێدوانێكی رۆژنامهوانیدا رایگهیاندووه كه هێرشەکەی شەوی رابردووی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەکات و بوونی بۆشایی ئەمنی بە هۆکاری ئەو ناسەقامگیرییە دەزانێت کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.
ههروهها فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک گوتیشی: “کاتژمێر ١٢ی شەوی رابردوو تیرۆرستانی داعش ھێرشیانکردە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە رەبایەکانی سەرشاخی زرگوێزانی سنووری ناحیەی پردێ و پاش ٤٥ خولەک لەرووبەرووبوونەوەی نێوان تیرۆریستان و ھێزەکانی پێشمەرگە روویداوە و داعش لەدووری سەد و بیست مەتر تەقەیان کردووە و لەئەنجامدا سێ پیشمەرگە شەھید و دوو پێمشەرگەیش برینداربوون”.
لەسەر ھەماھەنگی ھێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان نووری حەمە عەلی باسی لەوەکرد کە ئەو وەک فەرماندەی میحوری رۆژئاوا ھیچ ھەماھەنگییەکی لەگەڵ ھێزە عێراقییەکاندا نییە و گوتی: “ئەو ژوورە ئۆپەراسیۆنەی بڕیاربوو لەناوچە کوردستانییەکان دروستبکرێت، هەر وەک رێکەوتنی شنگال حکوومەتی عێراق نایەوێ جێبەجێ بکرێ و کێشەکە لەلای ئەوانەوەیە”.
ههروهها لە بارهی زیادبوونی جموجۆڵەکانی چەکدارانی داعش لەسنووری پارێزگای کەرکووک، نووری حەمە عەلی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، “نەبوونی خزمەتگوزاری لەو ناوچانە و ململانێی نێوان شیعە و سوننە ھۆکارە بۆ زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش و بوونی بۆشایی ئەمنی و بێدەنگبوونی سوپای عێراق و نەبوونی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو ناوچانە ھۆکارێکی دیکەن بۆ زیادبوونی جموجۆڵ و کردەوەکانی داعش لەسنووری پارێزگای کەرکووک”.