وەزیرى پەروەردە: هیوادارین بتوانین دواى جەژن دەرگاى قوتابخانەکان بکەینەوە

وەزیرى پەروەردەى هەرێم رایدەگەیەنیت؛ داخستنى دەرگاى قوتابخانەکان تەنها پەیوەست نیە بە هەرێمى کوردستان، دەشڵێت: بڕیاردان بۆ کردنەوەى قوتابخانەکان ئاسان نیە و نامانەوێت وەک هیندستانمان لێبێت.

لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا د. ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێم رایگەیاند: تەنیا هەرێمى کوردستان نیە کێشەى نەکردنەوەى قوتابخانەى هەبێت، بەڵکو داخستنى دەرگاى قوتابخانەکان بابەتێکى جیهانییە.

دەشڵێت: کۆرۆنا کاریگەرى گەورەى لەسەر پەروەردە هەبووە، لە هیچ ووڵاتێکى دونیا کۆالێتى پەروەردە وەک دۆخى پێش کۆرۆنا نیە.

لەبارەى کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکانەوە، وەزیرى پەروەردە وتى: بڕیاردان بۆ کردنەوەى قوتابخانەکان ئاسان نیە، چونکە ئەولەویەت لاى ئێمە پاراستنى قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایانە و نامانەوێت وەک هیندستانمان لێبێت، بەڵام هیوادارین بتوانین بۆ دواى جەژن دەرگاى قوتابخانەکان بکەینەوە.

هەروەک ئاماژەى بەوەشکرد، هەموو کەس دەزانێت خوێندنى ناو پۆل باشترە لە خوێندنى ئۆنلاین، بەڵام دۆخەکە ناچارییە و تەنیا توانراوە قوتابخانەى ئەلیکترۆنى دابمەزرێنن، ئەوەش کاتى پێویستە و ئەزمونێکى نوێیە.

Back to top button