هۆشداریيه‌ك له‌ وەزارەتی رۆشنبیری بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن

لە بەیاننامەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سەر بەوەزارەتی رۆشنبیری و لاوانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاگاداری کەناڵەکانی راگەیاندن دەکاتەوەو کە خۆیان بە دووربگرن لە نیشاندانی دیمەنی تۆمەتباران و تووندوتیژی و کوشتن و زەقکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە پێناو تێکنەچوونی ئاشتی کۆمەڵایەتی.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە ئاگادارکردنەوەکەیدا رايگه‌ياند:”ئاماژە بەو رووداوە توندوتیژییە کۆمەڵایەتییانەی کە ناوبەناو لە هەرێمی کوردستاندا ڕوو دەدەن و لەلایەن بەشێک لە میدیاکانەوە دەکرێن بە مادەیەکی میدیایی بەرفراوان و بە شێوەیەک زەق دەکرێنەوە کە دەبن بە هاندەر بۆ برەودان بە ئاراستەی توندوتیژی لەنێو کۆمەڵگەدا”.

لە بەشێکی دیکەی ئاگاداركردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌: “نیشاندانی دیمەنی تۆمەتباران و وەرگرتنی ووتە لێیان پێش بڕیاری دادگا، هاندانی راستەوخۆ و یان ناڕاستەوخۆی بینەرانە بۆ پەیڕەکردنی توندوتیژی و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی بە پاڵپشت بە یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەتایبەتیش بڕگەی سێیەمی مادەی سێیەمی ڕێنمایی ژمارە (١) ساڵی ٢٠١٤ی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ماددەی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستاندا ئاگادارتان دەکەینەوە کە خۆتان بەدوور بگرن لەم شێوازە لە پەخشکردنی ئەو بڕگە و بەرنامانەی کە دەبنە هۆکاری تێکدانی باری دەروونیی خەڵک و شیرازەی خێزان، بە پێچەوانەوە بە پاڵپشت بە ڕێنمایی ئاماژەپێکراوی سەرەوە و گشت بڕیار و یاسا بەرکارەکانی تری پەیوەست بەم پرسە، ناچارین ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر بە کاناڵە سەرپێچیکارەکان بگرینە بەر”.

 

Back to top button