پۆلیسی هەولێر، ده‌ستگيركردنى باندێکی گەورەی ڕفاندن و دزی راگه‌ياند

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە لە په‌يجى فه‌رميى خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ده‌ستگيركردنى باندێكى گەورەی ڕفاندن و دزییان لە شاری هەولیر راگه‌ياند کە خەڵکی بەغدا بوون.

لە ناوه‌ڕۆكى ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی پارێزگای هەولێر هاتووە: ” هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر باندێکی گەورەی ڕفاندن و دزییان لەناو شاری هەولێر دەستگیر کرد، ئەو باندە پێکهاتووە لە چەند تۆمەتبارێک کە بە زەبری چەک خەڵکیان دەڕفاند و دەستیان دەدایە دزیکردن لە شاری بەغدا، ئەم باندە بە زەبری چەک چەندین ئافرەت و منداڵای ساوایان ڕفاندووە”.

پۆليسى هه‌ولێر روونيشى ده‌كاته‌وه‌ : “ئەم باندە خۆیان وا دەناساند کە سەر بە بەرپرسی باڵای شاری بەغدان و گەورەی سەرۆکی هۆزەکانن، بەڵام لەڕاستیدا وا نەبوو، ئەمانە تۆمەتبار بوون، بۆیە هێزەکانمان زۆر بوێرانە دەستگیریان کرد.”

لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر زياتر هاتووە: ماوەیەک پێش ئێستا دوو تۆمەتباری ئەم باندە دەستگیر کران و ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی (30/4/2021) کاتژمێر (٢٣٠٠) هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بەپێی مادەی ٤٤٤ لە یاسای سزادان تۆمەتباری سەرەکیی ئەم باندەیان دەستگیر کرد.

ده‌شلێت:” بە شیوەیەکی فەرمی ئەم تۆمەتبارانە ڕەوانەی شاری بەغدا دەکەینەوە، واتە (تسفیر)یان دەکەین، بۆ ئاگاداری بەڕێزتان ساڵی (2020) (١٨٣) تۆمەتبارمان دەستگیر کرد کە جۆرەها تاوانیان ئەنجام دابوو وەک دزی و ڕفاندن و.دوای دەستگیرکردنیان ڕەوانەی شارەکانی تری هەرێم و خواروی عێراقمان کردەوە کە لێی داوا کرابوون.

له‌كۆتايى راگه‌يێندراوه‌كه‌ش پۆليسى شارى هه‌ولێر ده‌لێ : ” لێرەدا دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتیاینی شاری هەولێری خۆشەویست کە شەو و ڕۆژ لە ئەرکداین بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان و ئەمنیەتی شاری هەولێر، و لێ ناگەڕیین کەس ئەو ئەمنیەتە تێک بدات.

Back to top button