چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی گۆڕان و یه‌كگرتوو له‌باره‌ی ئێرهابی فیكری ده‌دوێن

خواكوڕك

دامه‌زرێنه‌رێكی پێشووی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت، ناوزڕاندنى ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ى واز له‌ حزبێك دێنن له‌ كوردستاندا، له‌ حاڵه‌ت ده‌رچووه‌ و بووه‌ته‌ دیارده‌یه‌كى قێزه‌ون، كه‌سانێك هه‌ن ده‌یان ساڵ خزمه‌تی حزبه‌كانیان كردووه‌ و دواتریش به‌ر ئه‌و شاڵاوه‌ كه‌وتوون و ده‌یان ناو و ناتۆره‌ و تۆمه‌تیان بۆ دروست ده‌كرێ، ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ی له‌ تۆڕه‌كانی فه‌یسبووك و میدیاكان دژ به‌و كه‌سایه‌تییانه‌ ئه‌نجام ده‌درێ، له‌لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه‌ هان ده‌درێن و ئاراسته‌ ده‌كرێن.

كاروان ساڵح ئه‌ندامى خولى پێشووى په‌رله‌مانى كوردستان و یه‌كێك له‌ ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێـت، هه‌ر كه‌سێك ئازاده‌ له‌وه‌ى له‌ چوارچێوه‌ى چ حزبێكدا كارى سیاسى ده‌كات، واز له‌و حزبه‌ دێنێت و ده‌چێته‌ ناو حزبێكى تره‌وه‌، ئه‌وه‌ بنه‌مایه‌كى یاسایییه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ى دژ به‌و كه‌سانه‌ له‌به‌ر ده‌گیرێت، پێشێلكارییه‌كى روونه‌ و دژ به‌ هه‌موو به‌ها و پره‌نسیپێكى دیموكراسى و مرۆیییه‌.

كاروان ساڵح له‌باره‌ی ئه‌و هێرش و تیرۆره‌ فیكریه‌ی هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌ وشه‌ی راگه‌یاندووه‌، ئه‌وان سوپایه‌كی وه‌همییان دروست كردووه‌ به‌ پاره‌ی خه‌ڵك و نیشتمان، خه‌ڵك وازیان لێ دێنێت و باوه‌ڕیان پێ نامێنێ و ئیتر به‌و سوپا وه‌همییه‌ خۆیان ده‌رده‌خه‌ن و هه‌ڵمه‌تی شێواندنی كه‌سایه‌تی و ڕفاندنی كه‌سایه‌تییان ده‌ست پێ ده‌كه‌ن.

هه‌رله‌وباره‌وه‌ دیندار نه‌جمان دۆسكى ئه‌ندامى پێشووى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان ده‌ڵێت، ناوزڕاندن و تیرۆرى كه‌سایه‌تیى ئه‌وانه‌ى واز له‌ حزبێك دێنن و ده‌چنه‌ پاڵ حزبێكى تر، له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانى جاڕنامه‌ى مافى مرۆڤ و دیموكراسیی و یاسا به‌ركاره‌كانى كوردستاندا ناگونجێت، به‌ڵكو دژ به‌و بنه‌مایانه‌یه‌، مرۆڤ ئازاده‌ له‌وه‌ى له‌گه‌ڵ چ حزبێك كار ده‌كات و ته‌نانه‌ت چ ئاینێك هه‌ڵده‌بژێرێت، ئه‌وه‌ ئازادییه‌كى تاكه‌كه‌سییه‌ و نابێت به‌رته‌سك بكرێته‌وه‌.

ده‌شڵێت، به‌داخه‌وه‌ حاڵه‌تێكی زۆر سه‌یره‌ كه‌ كه‌سێك له‌ ناو حزبێكه‌وه‌ واز دێنێ یان ده‌چێته‌ ناو حزبێكی تر، ده‌ست به‌ هه‌ڵمه‌تێكی جه‌ماوه‌ری تیرۆری كه‌سایه‌تییان ده‌كرێ، له‌كاتێكدا زۆر ئاسایییه‌ كه‌سێك له‌ حزبێكدا كار بكات و دواتر بۆچوونى سیاسى بگۆڕێت و بچێته‌ پاڵ حزبێكى تره‌وه‌.

Back to top button