بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکان چۆنێتی هەژمارکردنی نمرەی قوتابیانی دیاریکرد
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بەهۆی لێکەوتەکانی کۆرۆنا کە خوێندن لەناو پۆلەکان راگیرا،چۆنێتی هەژمارکردنی نمرەی قوتابیانی بۆ ئەمساڵ دیاریکرد.
د. سەیوان عەلی رەزا، بریکاری وەزارەتی پەروەردە کە هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکانە بە وەکالەت لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیانی کردووە، کە کۆپیەکی دەستی دەزگای میدیای خواکوڕک کەوتووە چۆنێتی هەژمارکردنی نمرەی قوتابیانی روونکردووەتەوە.
نووسراوەکە بە ژمارە 3079 لە 3/5/2021 دەرچووە، ناو و واژۆی د. سەیوان عەلی بریکاری وەزارەت و مۆری دەکردەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکانی بە سەرەوەیە، لە شەش خاڵدا هەژمارکردنی نمرەکان روونکراوەتەوە.
دەقی روونکردنەوەی خاڵەکان:
1- سەبارەت بە بازنەی یەکەمی قۆناخی بنەڕەتی پۆلی 1 تاوەکو 3 کە بەردەوام دەبن لەناو پۆل، دەبێت هەر چوار نمرەی هەڵسەنگاندنیان هەبێت بەڕەچاوکردنی ئەوەی کە چوارەم هەڵسەنگاندن لەکاتی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ دابنرێت، کە لە 22-6-2021 ئەنجام دەدرێت.
2- سەبارەت بە پۆلەکانی 4 تاوەکو 11 کە بەردەوام دەبن لەناو پۆل، پێویستە نمرەی هەڵسەنگاندنی یەکەم (10 نمرە) و تاقیکردنەوەی نووسینەکی (20 نمرە) و هەڵسەنگاندنی دووەم (10 نمرە) ئەنجام بدەن و تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ لە (60 نمرە) لە 22-6-2021 ئەنجام دەدرێت. بەڕەچاوکردنی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی کە تەنها نمرەی تاقیکردنەوەکانی نیوەی وەرز واتە (10 نمرەی هەڵسەنگاندنی یەکەم و 20 نمرەی تاقیکردنەوەی نووسینەکی 10 نمرەی هەڵسەنگاندنی دووەم) دەبێتە نمرەی کۆشش و تاقیکردنەوەی نیشتمانی لە (60 نمرە) لەگەڵ پۆلە ناکۆتاکان ئەنجامدەدرێت بەپێی خشتەیەکی تایبەت.
3- سەبارەت بە قوتابیانی دەرەکی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی، تاقیکردنەوەی نیشتمانی لەسەر (100 نمرە) ئەنجام دەدەن بە هەمان پرۆگرامی دیاریکراو.
4- لەکاتی دەستپێکردنی دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن ئەو قوتابیانەی فۆرمی بەڵێننامە پڕدەکەنەوە، کە بەشداری خوێندنی ناو پۆل ناکەن، ئەوا نمرەی بەدەستهاتووی تاقیکردنەوەی نووسینەکی (20 نمرە) دابەشی دوو دەکرێت لە شوێنی ئەو هەڵسەنگاندنانە دادەنرێت، کە نمرەی نییە.
5- لە داهاتوودا شێوازی تۆمارکردنی نمرەکان لەسیستەمی `ئی پەروەردە` بەڕێنمایی دیکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە بە وردی روون دەکەینەوە.
6- ئەو نمرانە و شێوازی دابەشکردنی بە ئەنجامی کۆتایی ئەم ساڵی خوێندنی (2020- 2021) هەژمار دەکرێت.