د. ڤیان سه‌بڕى: ستراتیژیەتی پارتی لە بەغدا، زامنکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستانە

سه‌رۆكى فراكسيۆنى پارتى له‌ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌لێ : دەسکەوتەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بۆ دیبلۆماسیەتی سەرۆك بارزانی و پارتیمان دەگەڕێتەوە، هەروەها تا پارتیشمان لە بەغدا بێت، ڕێگە نادات مافەکانی کوردستان پێشێل بکرێن، یاخود قەوارە و پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت. 

لە درێژەی وێبیناری هەفتانەی لیژنەی ناوچەی لەندەن، دکتۆرە ڤیان سەبری، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بابەتێکی لەژێر ناونیشانی (ڕۆڵی فڕاکسیۆنی پارتی لە بەغدا و کاریگەرییان لە پەسەندکردنی یاسای بودجە) پێشکەش بە ژمارەیەك لە کادیران و هەوادارانی پارتی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان کرد و رایگەیاند، ستراتیژیەتی پارتی لە بەغدا، زامنکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستانە.

دکتۆرە ڤیان سەبری، لە سەرەتای وێبینارەکەدا ئاماژەی بەوەدا کەوا ستراتیژیەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، پاراستنی قەوارە و پێگەی هەرێمی کوردستانە، هەروەها کار لەسەر ئەوە دەکات تەواوی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراقی فیدڕاڵدا بەدەست بێنین. گوتیشی ڕێنماییەکانی سەرۆك بارزانی بۆ فراکسیۆنی پارتیمان لە بەغدا، جەختکردنەوەیە لەسەر بینینی ڕۆڵی نەتەوەیی و دیموکراسیەت بۆ هەموو عێراق، هەر ئەوەشە وای کردووە پێگەی پارتیمان لە بەغدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر ببێت و کورد لە هەر کوێیەکی عێراق بن بۆ لای پارتی بێن، چونکە پارتی بە پارێزەری مافەکانی خۆیان دەبینن.

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق روونیشی کردەوە: “لە بەغدا پێگە و موعادەلەی پارتی لە سەرووی هەموو موعادەلەکانی ترەوەیە و، هیچ لایەنێك ناتوانێت ئەو پێگە بەهێزەی پارتیمان لە بەغدا لاواز بکات. پێداگری و کاری بەردەوامی سەرکردایەتیی پارتیشمان، وای کردووە کەوا لەگەڵ بوونی پیلانی نەیاران لە کورد و غەیرە کوردەوە، بەڵام پێگەی هەرێم لە بەهێزبوونی بەردەوامدایە.”

لە درێژەی وێبینارەکەدا دکتۆرە ڤیان سەبری ئاماژەی بەوەدا کەوا ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە سەرووی ئەولەویاتی سەرکردایەتیی پارتیماندایە، هەروەها لە هەموو ووتوێژەکاندا ئەو پرسە لە سەرووی هەموو پرسەکانی ترەوە دێت. هاوکات لە ڕێگای پەرلەمانەوە ڕێگە لە ژمارەیەك یاسا گیردراوە کە کاریگەری نێگەتیڤیان هەبووە لەسەر ئەو ناوچانە، بە تایبەتیش بابەتەکانی تایبەت بە موڵك و مومتەلەکات.

هەر لە پەراوێزی وێبینارەکەدا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەدا کەوا مەفهومی شەراکەت و تەوافوق لە بەغدا کاریان پێناکرێت و لەم چەند ساڵەی دواییدا ژمارەیەك یاسای گرینگ بە زۆرینەی لایەنێکی عیراقی تێپەڕێندراوان. گوتیشی، زۆر بەداخەوە کورد لە پەرلەمانی عێراق یەكدەگ نین، بەڵکو ژمارەیەك پەرلەمانتار و لیستی کوردستانی ئاڕاستەی کارەکان و پەیوەندییەکانیان لە دژی هەرێمی کوردستان و ماف و بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد بەکار دێنن. هاوکات فشار دەخەنە سەر لایەنە عێراقییەکان لە کەناڵە جیاوازەکانەوە بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەك نەگەنە ڕێکەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کێشە و پرسەکان یەکلا نەکرێنەوە.

سەبارەت بە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەدا کەوا هەندێك لە پەرلەمانتار و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەندێك لە پەرلەمانتار و لایەنی سیاسی کوردیش لە بەغدا هەوڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی ئەو یاسایە تێنەپەڕێت، یاخود هیچ نەبێت بەو شێوەیەی ئێستایدا پەسەند نەکرێت. گوتیشی: “هەندێك لایەنی سیاسی داوای ئەوەیان دەکرد کەوا هەرێمی کوردستان مەلەفی نەوت و گاز، خاڵە سنوورییەکان و تەواوی داهاتی ناوەخۆ تەسلیم بە بەغدا بکات. هەندێکی تریش دەیانویست هەر پارێزگایەك بە تەنها داهاتی بداتە بەغدا و بەشە بودجەی ڕاستەوخۆی بۆ بنێردرێت. هەندێك لایەنی تریش نەیان دەویست ئەو یاسایە بە هیچ جۆرێك پەسەند بکرێت بۆ ئەوەی قەیرانی دارایی لە کوردستان بەردەوام بێت، بەڵام ڕۆڵی پارتیمان و سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ لایەنە عیراقیەکان سەرەکی بوو لە پەسەندکردنی ئەو یاسایە کە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ هەرێمی کوردستان.”

هەروەها تیشکی خستە سەر بڕگەی ١١ لە یاسای بودجە کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان و گوتی، کە خاڵی گرینگ لەخۆ دەگرێت، لەوانەش یەکلاکردنەوەی موستەحەقاتە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کە چەندین ساڵە باسیان لێوە دەکرێت، دیاریکردنی بڕی بەرهەمهێندراوی نەوتی هەرێم بە ٤٦٠ هەزار و تەسلیمکردنی ٢٥٠ هەزار بە بەغدا و یەکلاکردنەوەی پرسەکانی تایبەت بە نەوت و غاز بە هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتێیەکانی هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: “تێپەڕاندنی ئەو ماددەیە بەو شێوەیە پڕۆسەی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی بە یەکجارەکی بە یاسایی کرد. ڕاستە بۆ ئێمە بودجە گرینگە، بەڵام بوونی هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی نەوت و غازی جیهانی کارێکی یەکجار بایەخدارە و پێگەی هەرێم لە جیهاندا بەهێزتر دەکات و ڕێگە بە وەبەرهێنانی زیاتر لەو بوارە دەدات.”

لە لایەکی ترەوە. دکتۆرە ڤیان سەبری ئاماژەی بەوەدا کەوا ڕۆڵی کاریگەری سەرکردایەتیی پارتیمان و کاری بەردەوامی فڕاکسیۆنی پارتی بوو لە پەرلەمانی عێراق، توانی ڕێگە لە تێپەڕاندنی یاسای نوێی دادگای ئیتیحادی بگرێت و یاسا کۆنەکە بە هەندێك گۆڕانکارییەوە پەسەند بکرێت.

ئاماژەشی بەوە دا کە دەسکەوتەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بۆ دیبلۆماسیەتی سەرۆك بارزانی و پارتیمان دەگەڕێتەوە، هەروەها تا پارتیشمان لە بەغدا بێت، ڕێگە نادات مافەکانی کوردستان پێشێل بکرێن، یاخود قەوارە و پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت.

سه‌رچاوه‌:kdp.info

Back to top button