پلانی نیشتیمانی بۆ ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ راگەیەنرا
رۆژی سێشەممە رێکەوتی 23/3/2021 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق (پلانی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021-2025)ی پەسەند کرد کە لەلایەن لیژنەی نیشتمانی بۆ نووسینەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئامادەی کردبوو، بۆ ئەم مەبەستە رۆژی 6/5/2021 دەسپێکردنی پلانەکە راگەیەنرا کە دەبێتە نەخشەی رێگای پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونی عێراق بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەوانەش پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR) کە گشت ئەو رێککەوتننامە و پەیماننامانەی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ و عێراق پەسەندی کردوون لەخۆ دەگرێت.
لەم بارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە هەنگاوەکانی سەرەتای دانانی پلانی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدار بووین، لە پلانەکە ئاماژە بە نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم کراوە وەک لایەنی هەماهەنگکاری سەرەکی لەگەڵ دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە.
لە بارەی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وتی: دوای گفتوگۆکردنی ئەو راسپاردانەی کە لە میانەی خولی سێیەمی گفتوگۆکانی پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR) کە ئاراستەی عێراق کرابوون و ژمارەیان 298 راسپاردە بوو و بەشێکیان تایبەت بوون بە هەرێمی کوردستان، پلانێکی هەرێمیمان ئامادە کردووە بە بەشداری و راوێژکردن لەگەڵ گشت دام و دەزگا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کە هاوتەریبە لەگەڵ پلانی نیشتمانی کۆماری عێراق و گشت ئەو راسپاردانە لە خۆدەگرێت کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستانەوە. ئەم پلانە هەرێمییە بەڵگەنامە و نەخشە رێگایە بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا لە گشت بوارەکاندا بەتایبەتی یاسا و سیاسەتەکانی تایبەت بە حوکمڕانیی باش و پتەوکردن و پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤ، ئەمەش دەبێتە هاندانێک بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بوارەدا بە جددی کار بکەن، لە هەمان کاتدا پاراستن و پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤ بەشێکی گرنگ و سەرەکییە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها وتی: ئامانجی پلانەکە گونجاندنی یاسا و بڕیار بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمە لەگەڵ رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پاراستنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و پتەوکردنی ئەو دەستکەوتانەیە کە تا ئێستا لەو بوارەدا بەدیهاتوون و بونیادنان، هەروەها پتەوکردنی توانای دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمە لەو بوارە، ئەمەش بە هەماهەنگی نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بەدی دەهێنرێت.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر تەحەدییەکانی جێبەجێکردنی پلانەکە و گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک زۆربەی بەشەکانی دیکەی عێراق رووبەڕووی چەندین تەحەدی ئابووری، سیاسی و ئەمنی بۆوە بەڵام سەرەڕای تەحەددیەکان حکومەت هەرێم پابەندبووە بە جێبەجێکردنی ئیلتیزامانی خۆی و دەستکەوتی زۆری بەدەستهاتوون بەتایبەتی لە دەرکردنی یاسا و رێنماییەکان لەوانە: پاراستنی مافی پێکهاتەکان، پشووە رەسمییەکانی پێکهاتەکان، نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی، پاراستنی مافی خاوەن پێداویستی تایبەت، کاری رۆژنامەوانی، رێکخستنی خۆپیشاندان، زمانەکان، دەستەی نەزاهە، پێکهێنانی کۆمەڵەکان و چەندین یاسای تر. لەلایەکی دیکەوە رەشنووسی چەندین پرۆژە یاسا پێشکەش بە پەرلەمان کراوە بۆ پەسەند کردنیان لەوانە: پاراستنی مافەکانی منداڵان، دادگای تاوانی تایبەت بە تیرۆرستانی داعش، پاراستنی شوێنەوار، جێبەجێکردن و هەموار کردنی وەبەرهێنان لە هەردوو کەرتی تایبەت و تێکەڵ، هەموار کردنی یاساکانی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکان، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و یاسای بازرگانی.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ زامنکردنی پاراستن و پتەوکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەو ئازادیانەی لە دەستوور و یاسای بەرکارەکان و جاڕدانی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و هەردوو بەڵێننامەی نێودەوڵەتی و پرۆتۆکۆلەکان و بەڵگەنامەکانی تری پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیان پێکراوە.