مامە غەفە: یەکێتی جاشێكی بۆ پەرلەمانی عێراق کاندید کردووە كە پەنجا ساڵ شەڕیان دژی پێشمەرگە كردووە

فەرماندەیەکی سەربازیی یەکێتی، سەبارەت بە کاندیدکردنی هەندێ کەس لە لیستی هاوپەیمانیی یەکێتی و گۆڕان رەخنەی توند لە حزبەکەی دەگرێ و رای دەگەیەنێ، کە حزبەکەی خەڵکی جاشی کاندید کردووە و دەنگیش ناهێنێ. دەشڵێ: “دەبێ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ناوی کاندیدەکان ھەڵبوەشێنێتەوە”.

غەفوور دەروێش، ناسراو بە مامە غەفە، فەرماندەی سەربازیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕايگەیاند: “بەشداریکردنی کورد لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گرنگە و کارێکی باشە، بەڵام دەبێت کەسانێک دابنێن، چانسی دەرچوونیان ھەبێت، ئێستا یەکێتی لە ھەولێر كەسێكی کاندید کردووە كە بە دڵنیاییەوە دەرناچێت! چونکە جاش بووە و پەنجا ساڵ تفەنگی پێوە ناوین، بۆیە ئەوانە دەنگ ناھێنن و تەنیا چواردەورەکەی خۆیان دەنگیان پێ دەدا”.

مامه‌ غه‌فه‌ بۆ باسنیوز راشيگه‌ياندووه‌: “یەکێتی لە ھەڵبژاردنی کاندیدەکان ھەڵەی کردووە و دەبوایە خەڵکی باشی کاندید بکردایە، بۆ نموونە لە بازنەی ھەولێر، ڕێباز بێرکۆتیی کاندید بکردایە، چونکە خەڵک خۆشی دەوێت، یان لە کۆیە کوردەی کاندید بکردایە، یان لە سلێمانی کەسێکی خۆشەویستی ناو خەڵکی کاندید بکردایە، بۆ ئەوەی خەڵک دەنگیان پێ بدا”.

جەختیش لەسەر ئەوە كردۆته‌وه‌ كه‌: “ئەگەر مەکتەبی سیاسی ئاگاداری ھەڵبژاردنی کاندیدەکانی یەکێتی نییە، باشترە ناوی کاندیدەکان ھەڵبوەشێنێتەوە”.

مامە غەفە ڕوونیشی کردۆته‌وه‌: “لەناو کاندیدەکانی یەکێتی خەڵکی باش ھەیە، بەڵام پێمان ناخۆشە یەکێتی کوڕی جاشی کاندید کردووە، دەبێ یەکێتی ئەو کاندیدە بگۆڕێ و کەسێکی دیکە لە شوێنی دابنێت، چونکە سروشتی ھەڵبژاردن بە جۆرێکە، خەڵکی دەنگ دەدات بە کەسانی زیرەک و خۆشەویست، بەڵام ئەگەر یەکێتی ئەو کەسانە کاندید بکات، خەڵکی دەنگیان پێ نادات”.

ئەو فەرماندە سەربازییەی یەکێتیی ئەوەشی خستە ڕوو: “حەز دەکەم ھەموو لایەنە سیاسییەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق یەکگرتوو بن، بەڵام ھاوپەیمانیی یەکێتی و گۆڕان لە بەرژەوەندیی گۆڕاندایە و ئەگەر ئەو ھاوپەیمانییە نەبێ، گۆڕان چوار کورسیی ناهێنێ و زیانی بەر دەکەوێ، بەڵام گۆڕان خۆی بە یەکێتی ھەڵواسیوە و ئەگەر بزانن بە تەنیا کورسیی باش دەھێنن، ھاوپەیمانییان لەگەڵ یەکێتی نەدەکرد، بۆیە یەکێتی بەو ھاوپەیمانییەی لەگەڵ گۆڕان کردوویەتی، زەرەر لە خۆی دەدات”.

مامە غەفە، ئاماژەی بەوەش کرد: “یەکێتی زوڵمی لە ڕێباز بێرکۆتی کردووە، کە ناوی لە لیستی کاندیدەکان سڕیوەتەوە، چونکە ڕێباز بێرکۆتی لەگەڵ من پێشمەرگە بووە و کەسێکی تێکۆشەرە و ھەموو ژیانی خۆی لە خەبات و تێکۆشان بۆ کورد و کوردایەتی و یەکێتی داناوە، ھەروەھا لەناو خەڵکیشدا کەسێکی خۆشەویستە، بۆیە ڕێباز نەک شایستەی پەرلەمانی عێراقە، بەڵکو شایستەی ئەوەش بوو، کە لە کۆنگرەی یەکێتی دەربچێت، بەڵام یەکێتی غەدری لێ کردووە و ئەوەش ھەڵەیەکی گەورەیە”.

Back to top button