سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شێخ و سەرۆكی هۆزەكانی فوراتی ناوەڕاست دەكات

ڕۆژی شەممە ٨ـی ئایاری ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی شێخ و سەرۆكی هۆزەكانی ناوچەی فوڕاتی ناوەڕاست كرد كە پێكهاتبوو لە مونزر ئەلمیالی عەمیدی سادەی ئەمیال و شێخ ئەمیر سائیر ئەلموتلەك ئەمیری ئیمارەتی زبێد و شێخ حەسەن جەواد عەباسی و شێخ حەكیم میری شێخی هۆزی ئال شبل و شێخ سائیر جفات شەعلان و شێخ ئەمیر موسەننا ئال حاتم ئەلحەسەن و شێخ ئەحمەد عەبدولغانم ئەلشمران ئەلفەتلاوی و شێخ مەیسەم سەهل نەجم شێخی هۆزی ئەلزرفات.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان جەنابی بارزانیی نەمر و كەسایەتی و شێخ و سەرۆكهۆزەكانی عێراق، ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان لە دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق و هەروەها ئەو ئاوەدانی و پێشكەوتنانەیان كرد كە لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە و پێزانینیشیان بۆ سینگفراوانی و میواندۆستیی گەلی كوردستان هەبوو كە میوانداریی سەدانهەزار ئاوارەی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیان كردووە.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیدا شاندی میوان كورتەیەكیان لە كێشە و گرفتەكان و نەبوونی خزمەتگوزاری و بار و گوزەرانی دانیشتوانی پارێزگاكانی باشوور و ناوچەی فوراتی ناوەڕاست بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو. داواشیان لە سەرۆك بارزانی كرد كە ڕۆڵی خۆی لە چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك و كۆكردنەوەی لایەنەكانی عێراق بگێڕێت.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای جەختكردنەوە لە پڕەنسیبی برایەتی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی عێراق پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی جوامێرانەی دانیشتوانی باشووری عێراق لە پێشوازیكردن لە جەنابی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە كاتی گەڕانەوەیان لە سۆڤییەتی پێشوو و هەروەها حەواندنەوەی ئەو كوردانەی لە لایەن ڕژێمی پێشوو بۆ باشوور نەفی كرابوون، نیشان دا.
سەرۆك بارزانی كورتەیەكیشی لە مێژووی ئازار و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان لەناو دەوڵەتی عێراق بۆ شاندی میوان باس كرد و هاوسۆزیی خۆشی بۆ كێشە و گیروگرفتەكانی دانیشتوانی ناوچەی فوراتی ناوەڕاست ڕاگەیاند و هیوای ئەوەی خواست كە بە هەوڵی هەموو لایەك كێشە و ئازارەكانی خەڵی عێراق كەم ببێتەوە.

 

Back to top button