حكومه‌تی هه‌رێم راگه‌یانراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

خواكوڕك

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 21.2.2017 به‌ سه‌رۆكایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌ی ئاساییی خۆی ساز كرد.

به‌پێی هه‌واڵێكی مالپه‌ڕی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕابه‌ر سدیق بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری به‌وه‌كاله‌ت، پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی پلانی وه‌زاره‌ت بۆ ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌ پێشبینیى داهات و خه‌رجییه‌ گشتییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2017 پێشكه‌ش كرد و تیایدا ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی خسته‌ ڕوو كه‌ تا ئێستا له‌وباره‌یه‌وه‌ نراون و باسی له‌ ڕۆڵی وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانى حكوومه‌ت له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا كرد.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى ڕاسپارد كه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پشتیوانیى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى بكه‌ن و زانیاریى پێویست له‌سه‌ر خه‌رجى و داهاته‌كانیان بخه‌نه‌ به‌رده‌م وه‌زاره‌ت تاكو له‌به‌ر ڕۆشنیایى ده‌ره‌نجامى ئه‌و ڕاپۆرته‌، بارى داراییى هه‌رێمى كوردستان بۆ ساڵى 2017 ڕێكبخرێته‌وه‌.

ئینجا هه‌ریه‌كه‌ له‌ مه‌حموود حاجى ساڵح وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و د. محه‌مه‌د هاودیانی وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، باسێكیان ده‌رباره‌ی سه‌ردانی فه‌رمیی شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ردوو وڵاتانی سوید و جۆرجیا پێشكه‌ش كرد.

شانده‌كه‌ له‌و سه‌ردانه‌یدا كه‌ به‌مه‌به‌ستی سووده‌وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ بوو، له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌ ‌سویدییه‌كان له‌سه‌ر به‌گه‌ڕخستن و دابینكردنى داوده‌رمان بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ى بۆ چاره‌سه‌رى به‌ركه‌وتوانى چه‌كى كیمیایى ‌له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دروست كراوه‌ ڕێككه‌وتن، هه‌روه‌ها داوایان له‌ لایه‌نه‌ سویدییه‌كان كردووه‌ بۆ لێكۆڵێنه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له‌ كوردستان و چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ‌ئه‌نجامه‌كانیدا، هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن. شانده‌كه‌ له ‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری چۆنیه‌تیی كاركردنی سیسته‌می سۆسیالی سویدی و شێوازی كاری كه‌رتی تایبه‌ت له‌ جۆرجیا و ئه‌زموونه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانیان له‌م بوارانه‌دا بوون.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستخۆشی له‌ سه‌ردانی شانده‌كه‌ كرد و گرنگیی به‌دواداچوونی ئه‌نجامی سه‌ردانه‌كان و ئه‌و لێكگه‌یشتنانه‌ی له‌ سه‌ردانه‌كاندا ئیمزا ده‌كرێت بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی وڵاتان خسته‌ ڕوو، به‌تایبه‌تیش له‌و‌ بوارانه‌دا كه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان پێویستن، هه‌روه‌ها گرنگیی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی حكوومه‌ت له‌ سه‌ردانه‌كان و زۆرترین سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتووی وڵاتان، دووپات كرده‌وه‌.

سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى ڕاسپارد كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌‌تى ته‌ندروستى له‌گه‌ڵ نه‌خۆشخانه‌كانى كۆمارى ئیسلامیى ئێران هه‌ماهه‌نگى بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌رى به‌ركه‌وتوانى چه‌كى كیمیایى كه‌ له‌م بواره‌دا شاره‌زاییان هه‌یه‌.

له‌ دوایین بڕگه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا به‌ڕێز وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، ڕاپۆرتێكی ده‌رباره‌ی هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌ت پاش قه‌یرانی دارایی و ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری كارگێڕیی وه‌زاره‌ت و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان پێشكه‌ش كرد.

تیایدا تیشكی خسته‌ چه‌ند هه‌نگاوێك وه‌ك كه‌مكردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه و‌ یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كان و ژماره‌ی كارمه‌ندان و گرێبه‌سته‌كان، كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی ده‌زگاكانی وه‌زاره‌ت، نه‌هێشتنی مووچه‌ی ئه‌وانه‌ی زیاتر له‌ مووچه‌یه‌ك به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌ وه‌رده‌گرن، هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌ و وردبینیكردن له‌و كه‌یسانه‌ى به‌ نایاسایى و بێ ئه‌وه‌ى شایسته‌ بن سوود له‌ شایسته‌ داراییه‌كانى كه‌سوكارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان وه‌رده‌گرن، له‌گه‌ڵ خستنه‌ڕووی خشته‌ و ئامارێكی وردی ئه‌وانه‌ی به‌ ناونیشانی جیا مووچه‌ له‌ وه‌زاره‌ت وه‌رده‌گرن وه‌ك كه‌سوكاری شه‌هیدان، ئه‌نفالكراوان، زیندانی سیاسی و به‌خێوكه‌ران.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پشتیوانیى خۆى بۆ به‌رنامه‌ى هاوبه‌شى وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و بانكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ چاكسازیى بنه‌ڕه‌تى له‌ بواره‌كانى هاوكاریى كۆمه‌ڵایه‌تیدا دووپات كرده‌وه‌ به‌ جۆرێك ته‌نها كه‌سانى شایسته‌ كه‌ هه‌ژارن و پێویستییان به‌و هاوكارییه‌ هه‌یه،‌ سوودمه‌ند بن.

له‌ كۆتاییدا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وه‌زاره‌تى پلاندانانى ڕاسپارد به‌ شێوه‌یه‌كى وه‌رزى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ به‌ره‌وپێشچوون و به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌م جێبه‌جێكردنى نه‌خشه‌ڕێگاى چاكسازیى ئابوورى كه‌ ساڵى پار به‌ هاوكاریى تیمى بانكى نێوده‌وڵه‌تى ئاماده‌ كرابوو، ئاگادار بكاته‌وه‌.

Back to top button